هەولێر
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان -کار بەڕێکەر- و راسپێردراو بۆ سەرۆکی کابینەی ھەشتەم، بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری پەرلەمانتاران سەبارەت بە پرسە داراییەکان و پرسی وزە لە ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە چووە تەلاری پەرلەمانی کوردستان.
دوای گەیشتنی، گفتوگۆیەکی کراوە لە نێوان یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان -کار بەڕێکەر- دەستی پێکرد.
سەرەتا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گوتاری خۆی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لەسەر پرسی وزە لە ھەرێم کردەوە و گوتی: "پرسی وزە رەھەندێکی نیشتمانییە، پەیوەندیی بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان - تورکیا و کوردستان - ئەمریکاوە ھەیە. "
لە گوتارەکەیدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان -کار بەڕێکەر- گوتی: "رازی نابین حکومەتی بەغدا کەمتر لە ١٧%ی بودجەی گشتی عێراقمان بۆ بنێرێ. پێویستە وزە ببێتە پرسێکی نیشتمانی و هەر بەو جۆرە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ."