hemn husain
28 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 29 کانوونی یەکەم 2015
ھەرێمی کوردستان خاوەنی بازاڕێکی گەشەسەندووە لە جیھان، ئەمەش تاڕادەیەکی زۆر بەھۆی ھەوڵ و ماندووبوونی کرێکاران و خاوەنکارانە لە کەرتی تایبەت و بەم هۆیەوەش بەشێکی زۆر لە کرێکارانی بیانی ساڵانە روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن و زۆر جاریش بەهۆی نەبوونی دەستەبەری کۆمەڵایەتییەوە تووشی گرفت و ئاستەنگەکانی ژیان دەبن.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی محەمەد هاودیانی رایدەگەیەنێت کە لە ئێستادا هاتنی کرێکاری بیانیمان بۆ هەرێمی کوردستان راگرتووە بۆ ماوەی سێ مانگ تاکو مەرجەکانی تازەی بەم بوارە دەردەچێت، هاوکات رایدەگەیەنێت کە سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کاری پێ دەکرێ و کرێکاران دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی لە داهاتووشدا ماندووبوونی ئەو کرێکارانە بەفیڕۆ نەچێت.
لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی محەمەد هاودیانی گوتی: "ئێمە کۆمەڵێک رێنماییمان دەرکردووە و رێنمایی کۆنمان هەموار کردووە کە تێیدا کۆمەڵێک مەرجی تایبەتی تێدایە لەوانە دەبێت هەرێمی کوردستان پێویستی بەم کرێکارە بێت و دەبێت ئەم کۆمپانیایەی دەیەوێت کرێکار بهێنێت بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت لە راگەیاندنەکان ئەم داواکارییە بڵاو بکاتەوە بۆ ئەوەی ئەگەر کرێکاری نێوخۆیی هەبوو، ئەوان بەکار بخرێن و لە ئێستادا بۆ ماوەی سێ مانگ هاتنی کرێکاری بیانی بۆ هەرێمی کوردستان رادەگرین و مەرجی داهاتوومان بۆ هاتنی کرێکار ئەوە دەبێت کە هەر کۆمپانیایەک چەند کرێکارێکی خۆماڵی بخاتەکار تا رێگەی ئەوەی پێ بدەین کرێکارەی بیانی بهێنێت بۆ هەرێمی کوردستان".
سەبارەت بە نەبوونی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بەتایبەت چەندین جار کرێکاران ئەم داوایەیان لە لایەنەکانی پەیوەندیدار کردووە، محەمەد هاودیانی گوتی: "ئێمە سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتیمان هەیە لە هەرێمی کوردستان و هەر کرێکارێک خۆی دەستەبەر کردبێت لەم سندووقە واتا ئەم بڕە پارەیەی مانگانە دەیدا 17% یە و لەم بڕە پارەیەش 12%ی کۆمپانیاکە دەیدات و 5%یش کرێکارەکە دەیدات. ئەمە بۆ دابینکردنی بیمەی کۆمەڵایەتی کرێکارانە تاوەکو ئەگەر هاتوو کرێکارەکە گەیشتە تەمەنی خانەنشینی، خانەنشین بکرێت یاخود ئەگەر خزمەتەکەی گەیشتە 25 ساڵ وەکو هەر فەرمانبەرێک خانەنشین بکرێت یاخود لەکاتی کارکردن بووە هۆی ئەوەی کە ئەندامێکی جەستەی لەدەست بدات و نەتوانێت کارەکانی بەڕێوە ببات، ئەوکاتە بەهەمان شێوە خانەنشین دەکرێت و لە ئێستادا ئەم سندووقە کار دەکات و تێیدا ژمارەیەک لە کرێکارانی خۆماڵی تێیدا بەشدارن".
هەروەها سەبارەت بە رێژەی کرێکارانی بیانی بە جیاوازی لەگەڵ دوو ساڵ پێش ئێستا واتە پێش دەستپێکردنی شەڕی داعش، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پێی وایە ئامارێکی دروست لەبەر دەستدا نییە چونکە پێشتر ئەم کرێکارانە بە رێگەی جۆراوجۆر هاتوون بۆ هەرێمی کوردستان.
لە میانەی چاوپێکەوتنەکەیدا محەمەد هاودیانی گوتی: "کرێکاری بیانی پێشتر بە زۆر رێگەی جۆراوجۆر دەهاتنە هەرێمی کوردستان و ئێمە لەگەڵ وەزارەتی نێوخۆ و وەزارەتەکانی دیکەی پەیوەندیدار ئەوەمان یەکلایی کردۆتەوە کە دەبێ هەموو کرێکارەکان لە رێگەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە بێن بۆ هەرێمی کوردستان. بۆیە ئێستا ئەمەشمان رێکخستووە چونکە رەنگە لە ساڵانی پێشوودا چەندین کرێکار هاتبن بۆ هەرێمی کوردستان و لە ئاماری وەزارەتی ئێمەدا ناویان نەبێت بەڵام لە کاتی ئێستادا ئەم رێژەیە لەلایەن ئێمە دیار دەکرێت و بۆیە ئێستا ناتوانین ئەم بەراوردە بکەین چونکە لە پێشدا هەموو کرێکارانی بیانی لە ئاماری ئێمەدا نەبوون و بەڵام ئیستا بەشێوەیەکی فەرمی تەنیا لە رێگەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە دەتوانن بێن بۆ هەرێمی کوردستان. ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە لە ئێستە ئەو کرێکارانەی کە دێن بۆ هەرێمی کوردستان تەنیا کرێکاری خزمەتگوزارن".
سەبارەت بەوەی کە ئایا زۆرترین کرێکار لە کام وڵاتەوە دێن بەرەو هەرێمی کوردستان محەمەد هاودیانی گوتی: "کرێکارەکان جۆراوجۆرن وەکو نیپاڵی و ئەندۆنێزی و هیندی بەڵام رێژەیەکی زۆر کرێکاری نیپاڵی هاتوون بۆ هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەوەی ئەوان لە بواری خزمەتگوزاری کار دەکەن".
هەروەها سەبارەت بە ئاماری کرێکاری قوربانی، بەتایبەت ئەوانەی لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەست داوە، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی محمد هاودیانی گوتی: "بۆ ئەمساڵ 48 کرێکار گیانیان لەدەست داوە کە لەوانەش 17 کرێکار لە شاری هەولێر و 16 کرێکار لە پارێزگەی سلێمانی و 13 کرێکار لە پارێزگەی دهۆک و 2 کرێکاریش لە شاری سۆران کە بەشێک لەو قوربانییانەش کرێکاری بیانین کە ٣ کرێکار خەڵکی سووریا و ٣ کرێکاریش خەڵکی تورکیان".
رێژەی قوربانییەکان بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو کەمی کردووە و وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیش پێی وایە کۆمەڵێک هۆکار هەیە و لەوانەش رێژەی پرۆژەکان کەمتر بووەتەوە و هاوکات بەدواداچوونی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ جێبەجێکردنی ئەو پێداویستییانەی کە خاوەن کار بۆ پاراستنی گیانی کرێکار دەبێ هەیبێت.
هەروەها وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتیشی لە ساڵی داهاتوودا دەست دەکەین بە کردنەوەی خول بۆ ئەو کرێکارانەی کە دێن بۆ هەرێمی کوردستان هەتا لە دابونەریتی هەرێمی کوردستان تێبگەن.
سەبارەت بە پرۆژەی تازەیان بۆ ساڵی داهاتوو بۆ زیاتر خزمەتکردنی کرێکار لە هەرێمی کوردستان، محەمەد هاودیانی رایدەگەیەنێت کە خەریکی دروستکردنی نەخۆشخانەیەک دەبین تایبەت بە کرێکاران و لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا وەزیری کار و کاروبای کۆمەڵایەتی محمد هاودیانی گوتی: "ئێمە بۆ پرۆژەکانی ساڵی داهاتوو دەمانەوێت دەستەبەری تەندروستی بۆ کرێکاران دابین بکەین واتە کرێکاران لە بواری تەندروستییەوە نەخۆشخانەی تایبەت بە خۆیان هەبێت و لەم سندووقەی دەستەبەر یارمەتییان بدرێت لەوێوە چارەسەریان بۆ بکرێت و لە هەمانکاتدا ناسنامەی تایبەتیان بۆ دروست دەکەین بۆ ئەوەی هەر کرێکارێک ناسمانەی نەبێت، نەتوانێت کار بکات و هەروەها ئەگەر هەر کرێکارێک لە سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی خۆی تۆمار کردبێت ئەوە ئەم سندووقە هەموو پێداویستییە تەندروستییەکانی لە کاتی پێویستدا، لە ئەستۆ دەگرێت".
جێی ئاماژەیە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی یەکێکە لە وەزارەتەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە یاسای ژمارە ٣٤ی ساڵی ٢٠٠٤ دامەزراوە، پێشتر بەشێک بووە لە وەزارەتی تەندروستی لە ژێرناوی وەزارەتی تەندروستی و کاروباری کۆمەڵایەتی کاری کردووە.