ھەولێر
ئەگەرچی هەرێمی کوردستان هێشتا بە رەسمی بەشێکە لە عێراق، بەڵام پەیوەندییەکانی ئەو ھەرێمە لەگەڵ ناوەند، لە پەیوەندیی نێوان دوو وڵات دەچێ. ئەگەرەکان وای نیشاند دەدەن لە داهاتوودا ئەو ئەو پەیوەندییانە ئاڵۆزتربن و پێ بنێنە قۆناغێکی دیکەوە.
پسپۆڕێکی سامانە سروشتییەکان دەڵێ: بەھۆی سیاسەتە ھەڵەکانی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی، دوای ھەرێمی کوردستان پارێزگاکانی نەینەوا، بەسرە داوای سەربەخۆیی لە سیاسەتی نەوت و غازدا دەکەن.
دوایین وڵات بووە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی تەمموزی٢٠١١ سوودانی باشوور بوو. ریفراندۆمی پشت ئەستووری باشوورییەکان بە بوونی پێنج ملیار بەرمیل یەدەگی نەوت، رووبەری سوودانی گەورەی کەم کردەوە و باشووریشی کرد بە وڵاتی ژمارە ١٩٣ لە جیهاندا.
پێدەچێ ١٨ی سێپتەمبەری ئەمساڵ، دانیشتووانی سکۆتلەندا، ھاوپەیمانێتییە ٣٠٧ ساڵییەکەیان لەگەڵ بەریتانیا ھەڵبوەشێننەوە و بیکەن بە وڵاتی ژمارە ١٩٤، ئەوەشی سکۆتلەندییەکان ھان دەدا بوونی نەوتێکی زۆرە لە دەریای باکوور و ئیدارەدانێکی ئابوورییانەی خراپی شانشینی یەکگرتووە لەو ھەرێمە.
رەنگە نەوت بۆ ھەریەکە لە سوودان و شانشینی یەکگرتوو، مایەی سەرئێشە و بەڵا بووبێ، بەڵام بۆ باشوورییەکانی سودان و سکۆتلەندییەکان ئەو سامانە سروشتییە پوازی رزگارکەر بێ.
ئێستا ھەرێمی کوردستان یەکێکە لەو ھەرێمانەی لەسەر ئاستی جیھان زۆرترین ناوی دێ لەپاش جیابوونەوەی سوودانی باشوور، نەوت و جیابوونەوەش لە عێراق ئەو دووانەیەن کە ناوبانگی پێبەخشیوە، ٤٥ ملیار بەرمیل نەوت و پێنج تریلیۆن مەتر سێجا لەو سامانە سروشتییە خەمڵێنراوەیە کە کورد لەپاڵ جینۆساید و قڕکردنی زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار کەس لە رۆڵەکانی، دەیەوێ سەربەخۆیی خۆی پێ رابگەیەنێ.
دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان بەپێی ئامارێکی نەسەلمێنراو، زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس دەبن، دوای داڕمانی رژێمی بەعس لە عێراق، ساڵی ٢٠٠٣، کاری لەسەر راکێشانی کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت چڕ کردەوە بۆ گەڕان و دۆزینەوەی ئەمبارەکانی نەوت و غاز. دوای بڵاوبوونەوەی چەند ژمارەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ ئەو کۆمپانیایانە لەسەر یەدەگەکەی، ئەوەبوو لە پەسەندکردنی یاسای نەوت و غازدا پێشی عێراقی دایەوە و دەستی بە وەبەرھێنانی زیاتر کرد لەو بوارەدا بێ ئاگادارییەکی ئەوتۆی حکومەتی عێراق.
حکومەتی عێراق ھەر زوو لە ئەگەری جیابوونەوەی کورد ترسی لێنیشت، بە تایبەت لە ئاستی میللی و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم داواکارییەکی رەت نەکراوەیە، ھەر بۆیە عێراق زوو کەوتە تەقەلای رێگەگرتن لە وەبەرھێنان لە سامانە سروشتییەکانی ھەرێم، دوای ریزبەندکردنی ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە ھەرێم کار دەکەن، پەنای بۆ رەتکردنەوەی راکێشانی بۆریی نەوتبەر لە کێڵگەکانی ھەرێمەوە بۆ بەندەری جەیھانی باشووری تورکیا برد، تا دواجار پێش چەند مانگێک بودجەی لە ھەرێمی کوردستان بڕی.
ئەگەرچی مادەکانی دەستووری عێراق ھیچ رێگرییەک لە ھەرێمی کوردستان ناکەن نەوتی کێڵگەکانی بنێرێتە دەرەوە، بەڵام پێشێلکردنی دەستوور یەکێکە لەو تۆمەتە زەقانەی ھەردوو حکومەت یەکتری پێ تۆمەتبار دەکەن.
بەلای حکومەتی عێراقەوە سەربەخۆیی لە نەوت و دواتر ئابووریی، سەربەخۆیی سیاسی و سنووریشی لێ دەکەوێتەوە. جیابوونەوەی ھەرێمی کوردستان بەلای شارەزایانەوە سەلامەت نابێ، بەڵکو مەترسیی دابەشکردنی عێراقی لێ دەکرێ، بە تایبەت ئێستا سوننەکانیش ھەست بە ستەملێکردن لە دەستی دەسەڵاتدارانی شیعە دەکەن و چاوییان لە جیابوونەوەیە.
بەپرسانی ھەرێمی کوردستان بە تایبەت ئەوانەی لە کەرتی نەوت و غازدا کار دەکەن، پێیان وایە عێراق بە سیستمی کۆن و بیرۆکراتییەتی زۆرەوە نەیانتوانیوە پەرە بەو کەرتە لە عێراق بدا. ھەر بۆیە وەکو وڵاتێکی سەربەخۆ مامەڵە دەکا، ئێستا ھەرێم بێ ئاگاداری بەغدا تا کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٣، ٥٦ گرێبەستی نەوتیی لە جۆری ھاوبەشیکردن لە بەرھەمھێناندا، جیاوازە لە جۆری گرێبەستکردنی حکومەتی عێراق، لەگەڵ زیاتر لە ٤٠ کۆمپانیا لە پتر لە ٣٠ وڵاتی دنیا واژوو کردووە، ئەوەش وایکردووە لە توانایدابێ رۆژانە لە سەروو ٤٠٠ ھەزار بەرمیل ھەناردەی بازاڕەکانی جیھان بکا، بەپێی ستراتیژی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان، ساڵی داھاتوو ئەو بڕە بۆ یەک ملیۆن بەرمیل زیاد دەبێ و لە ٢٠١٩ش دەبێتە دوو ملیۆن بەرمیل کە نزیکە لە ئاستی بەرھەمھێنانی ئێستای عێراق.
شارەزا لە کاروباری نەوت و غاز د. بێوار خونسی پێیوایە، دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ دۆسێی سامانە سروشتییەکان و بەدیاریکراوی نەوت و غاز، بە خراپترین شێواز لەل ایەن بەرپرسانی حکومەتی عێراقەوە ئیدارە دەدرێ، بەھەدەردان و ناوەندێتی لە بڕیارەکان بەلای ئەوەوە ئەو کەرتەیان بەرەو دواوە بردووە. سەرباری خەرجکردنی ملیاران دۆلار.
خونسی کە راوێژکاری ئاسایشی ئابوورییە لە ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێ: "ئەو سیاسەتەی عێراق کاردانەوەی نەک لەسەر ھەرێم بە تەنیا، بەڵکو لەسەر پارێزگاکانی دیکەش ھەیە کە ئەوانیش داوای سەربەخۆیی لە سامانە سروشتییەکانیان ھاوشێوەی ھەرێمی کوردستان دەکەن، وەکو بەسرە و نەینەوا. بەھۆی سیاسەتە ھەڵەکانی حکومەتەکەیەوە، عێراق کە سێیەم گەورەترین یەدەگی نەوتی ھەیە، غاز و بەنزین و نەوت ھاوردە دەکا، لەکاتێکدا زیاتر لە ھەشتا ساڵە عێراق لەو بوارە وەبەرھێنان دەکا ئەمە کارەساتەکەیە."
ئەو شارەزایە ئاستی بەرھەمھێنانی ساڵی ٢٠١٤ی عێراق بە نموونە لەسەر شکستەکانی دەوڵەتی عێراق دەھێنێتەوە و دەڵێ: "ساڵی ٢٠١٤ عێراق ٦٩ ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و رۆژانە دوو ملیۆن و ٣٢٠ ھەزار بەرمیل ھەناردەی ھەبووە، کە دەبوو چەند ساڵێک لەمەوبەر سێ ملیۆن بەرمیلی ھەناردە بکردایە، باشە ئەگەر تەنیا ئەمساڵ بێ ئەوا ھەر رۆژێک عێراق کەمتر لە ٧٠٠ ھەزار بەرمیل کەمتری ھەناردە کردبوو، بۆ کەس لێپرسینەوە لەو کەموکورتییە ناکا کە نزیکەی ١٠ ملیار دۆلار زیانی داوە لە ئابووریی عێراق؟"
حکومەتی ھەرێمی کوردستان وای دەبینێ کە عێراق پێشێلی مافە دەستوورییەکانی لەبارەی دەسەڵاتی بەسەر سامانە سروشتییەکانەوە دەکا و رێگریی دەکا لە ھەر پرۆسەیەکی پەیوەست بە پیشەسازیی نەوت، حکومەتی عێراقیش ھەرێمی کوردستان بە تێپەڕاندنی دەسەڵاتەکانی لەسەر سامانەکە و بە بە قاچاخبردنی نەوت و خستنە ژێر باری دابەشبوونی عێراق تۆمەتبار دەکا.
کوردەکان لە ھەرێمی کوردستان کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی پێکدێنن لەپاڵ تورکمان و کەمینەیەکی عەرەبی کۆچکردوو لەناوچەکانی دیکەی عێراق، دوای ٢٠٠٣ تا پێش ھاتنی کۆمپانیا بیانییەکان و کەوتنە سەر نەخشەی نەوتی جیھان، بەو گەرم و گوڕییەی ئێستایانەوە باسییان لە جیابوونەوەیان لە عێراق نەدەکرد. ئەگەرچی ئەمە خەونی سەدان ساڵەی ھەموو کوردێکە.
سەرکردەکانی ھەرێمی کوردستان بوونی پشتیوانییەکی باشی ئەوروپی لە ھەرێمەکەیان بەھۆی جیاوازییەکانییەوە لە عێراق لەرووی ئاسایش، خۆشگوزەرانیی، وەبەرھێنان، کونسوڵخانەکان، کۆمپانیا بیانییەکان بە تایبەت زەبەلاحەکانی نەوتی وەکو ئێکسۆن مۆبیل، شیڤرۆن، گازپرۆم، تۆتاڵ و ھی دیکە، بە فاکتەرێکی گرنگ بۆ راگەیاندنی جیابوونەوەیان لەعێراق دەزانن، بە تایبەت لەگەڵ بوونی داواکارییەکی میللی بۆ جیابوونەوە لەنێو شەقامی کوردی و یەکڕیزیی حزبە کوردستانییەکان لەو بارەیەوە.
سەرکردە و پەرلەمانتاری لیستی دەوڵەتی یاسا کە سەرۆکەکەی نووری مالیکی سەرۆکیوەزیرانی عێراقە خالد ئەسەدیی، پێی وایە ھەندێ لایەنی کوردی ھەن بە پاڵپشتیی وڵاتانی ناوچەکە دەیانەوێ لە عێراق جیا ببنەوە و عێراق بەرەو دابەشکاری ببەن، ھەوڵەکانی کورد بۆ جیابوونەوە بە ھەڵە و زەحمەت ناو دەبا.
ئەسەدیی بۆ ئانادۆڵو گوتی: "لەڕووی یاساییەوە دەستووری عێراق بەھیچ شێوەیەک باسی لە جیابوونەوەی ھیچ پارێزگا یان ھەرێمێک نەکردووە، ئەگەر ئەوەش رووبدا دژی دەستوورە. لەگەڵ ئەوەشدا کردنی نەوت بە فاکتەری سەرەکی بۆ جیابوونەوە لە عێراق لەلایەن کوردەکانەوە، یاریکردنە بە ئاگر، کورد مافی خۆیەتی نەوت ھەناردە بکا، بەڵام دەبێ لەرێی ناوەندەوە بێ، ئەگەر کورد بیشیەوێ نەوت وەکو چەکێک بەکاربێنێ، ئەوا بە دڵنیاییەوە سەرناکەوێ."
سەرۆکی مونتەدای ئابووریی کوردستان فەیسەڵ عەلی پێی وایە ئەگەر نەوت فاکتەربێ بۆ جیابوونەوەی ھەر وڵاتێک، ئەوا پێگەی جوگرافیی ھەرێمی کوردستان، ئێستا رێگرە لەبەردەم راگەیاندنی جیابونەوەی لە بەغدا.
عەلی گوتی: "دەبێ ھەرێمی کوردستان زەمینەسازیی بکا چونکە بە تەنیا ھەناردنی نەوت بەس نییە بۆ راگەیاندنی دەوڵەت، چونکە ئەگەر ھەرێمی کوردستان ئێستا یەک ملیۆن بەرمیلیش ھەناردە بکا، ناتوانێ قەرەبووی ئەو داھاتە بکاتەوە کە لە عێراق وەریدەگرێ. خۆسازکردنی ھەرێم بۆ ئابوورییەکی پتەو کە پشت بە ھاوردەکردن بە شێوەی ئێستای نەبەستێ و دروستکردنی لۆبییەکی نێودەوڵەتی و کۆکردنەوەی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ دۆزی کورد، لەگەڵ یەکریزیی لایەنەکان زۆر پێویستە ھاوشانی بوونی نەوت."
سەرۆکی مونتەدای ئابووریی کوردستان گوتی: "ئەگەر کورد زەمینەسازیی بکا ئەوا بارودۆخ و گۆڕانکارییەکانیش یارمەتیدەر دەبن و دەتوانێ لەکاتی خۆیدا کە ئابوورییەکی بەھێز و پشتیوانییەکی باشی نێودەوڵەتیی ھەبێ دەوڵەتی خۆی رابگەیەنێ."
لەگەڵ ئەوەشدا پێناچێ رێگەی جیابوونەوەی ھەرێم کە نایەوێ بەو سێ پارێزگایەی ئێستایەوە لەعێراق بچێتە دەرەوە و چاوی لە کەرکوک و چەندین ناوچەی دیکەی گرێدراو بە پارێزگای موسڵ و سەڵاحەدین و دیالەیە و لە نووسراوە رەسمییەکانیدا بە "ناوچەی کوردستانیی دەرەوەی ھەرێم" ناویان دەبا بە گوڵ چێنرابێ، بەڵکو ئەگەر گەرەنتییەکی نێودەوڵەتی و سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان نەبێ، ھەرێم نەتوانی بەبێ شەڕ سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێ، بە تایبەت ھێشتا عێراق دەتوانێ لەرێی وروژاندنی ھەستی تایفەگەریی و نەتەوایەتییەوە عەرەب بکاتە رێگر لەبەردەم ئەو خەونە لەمێژینەیەی کورد.
بەڵام قسەکانی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی (ی.ن.ک) سەعدی پیرە تەواو پێچەوانەوەی قسەکانی ئەو ئابوورییناسەیە، پیرە کە حزبەکەی لە دوایین ھەڵبژاردنی عێراق دروشمی "جێبەجێکردنی دەستوور یان کۆنفیدراڵی"ی کردبووە کرۆکی بانگەشەکانی، دەڵێ: "عێراق لە لێواری دابەشبووندایە."
سەعدی پیرە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای ساڵی ٢٠٠٣ عێراق تادێ بەرەو دیکتاتۆرییەت دەچێ، پێدەچێ سیاسەتی خراپی دەسەڵاتدارانی عێراق ئەم وڵاتە بەرەو دابەشبوون ببا ئەم وڵاتە ئێستا لەڕووی واقیعییەوە دابەش بووە، بەڵام تەنیا راگەیاندنی ماوە، عێراق بەسەر سێ پێکھاتە سەرەکییەکەیدا کورد، سوننە، شیعە زۆر بەروونی دابەش بووە، ئەوەشی ماوەتەوە تەنیا راگەیاندنییەتی، تەنیا خەیاتێکی دەوێ مەقەسەتەکەی پیا بێنێ."
لە دانیشتنەکانی ئایندەی شاندی لایەنە کوردستانییەکان لەگەڵ براوەکانی ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئەمدواییەی عێراق، کێشە نەوتییەکانیشی لەگەڵ بەغدا خسۆتە ترۆپکی ئەو دۆسییانەی یەکلاییان دەکاتەوە، ئەگەرچی ئومێدی چارەسەر کەم بۆتەوە.
ھەرچۆنبێ ئەگەر کۆسۆڤۆ جینۆساید و باشووری سودانیش نەوتییان ھەبووبێ بۆ جیابوونەوە، ئەوا کورد کە بە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت دادەنرێ لە جیھان، نەوتێکی زۆر و جینۆسایدێکی کاریگەریی ھەیە بۆ جیابوونەوە، بەڵام ئەمەیش بە سانایی نابێ، چونکە ھێشتا لە ھەرێمی کوردستان فاکتەرەکانی دەوڵەتی سەرکەوتوو نابینرێ لە ئابوورییەکی تۆکمە، سیستمێکی سیاسی جێگیر، بوونی پاڵپشتییەکی گەورەی نێودەوڵەتی، یەکلایی نەبوونی نەبوونی سنوور و دانیشتووانەکەشی.
news_share_descriptionsubscription_contact

