Sangar Hamad Azeez
12 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2015
بەغدا
لە روونكردنەوەیەكدا كە لە ماڵپەری فەرمی یەكێتی ئەورووپا بڵاو كراوەتەوە "بە گوێڕەی دواین هەڵسەنگاندنەكانی یەكێتی ئەورووپا، بەهۆی ئەوەی كە هێڵی ئاسمانی عێراق مەرجەكانی سەلامەتی تێدا نییە، ناوی خراوەتە نێو لیستی ئەو كۆمپانیایانەی كە فڕینیان بەسەر ئاسمانی وڵاتەكانی یەكێتی ئەورووپا قەدەغەیە".
لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو یاریدەدەری پێشووتری وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی عێراق بەنگین رێكانی گوتی: "خستنی ناوی هێڵی ئاسمانی عێراق بۆ نێو لیستی رەشی یەكێتی ئەورووپا زیانێكی ماددی زۆر بە عێراق دەگەیەنێت".
گوتیشی: "ئەو بڕیارەی یەكێتی ئەورووپا لەپاڵ ئەوەی كە زیانێكی زۆری ماددی بە عێراق دەگەیەنێت، هاوكات كاریگەری خراپ لەسەر خودی كۆمپانیاكەش درووست دەكات كە بە بەهای یەك ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار فڕۆكەی مۆدێرنی هەیە".
بەنگین رێكانی گوتی: "خستنی ناوی كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراقی بۆ نێو لیستی رەش لەلایەن یەكێتی ئەورووپاوە ئەگەری ئەوەی هەیە وڵاتانی دیكەش هەنگاوی هەمان شێوە بنێن".