وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا تانەر یڵدز گوتی: "ئومێدەوارم دوای تەواوکردنی کاروباری تاقیگەیی ئەو نەوتەی لە کوردستانەوە ھاتووە، لەو مانگەدا پێشکەشی بازاڕەکانی جەیھان بکرێ."
یڵدز لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دا باسی لە بەرەوپێشچوون و گۆڕانکارییەکان لە کەرتی سامانە سروشتیییەکان و پلانی ساڵی نوێ کرد.
دوای ئەوەی یڵدز بەرنامەو قسەکانی لەڕێی داتاشۆ بۆ ئامادەبووان روونکردەوە، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە، دوای ئەوەی پرسیارێک لەبارەی نەوتی عێراقەوە کرا یڵدز گوتی: "ئێستا نەوتی عێراق بەرەو جەیھان دەنێردرێ، ئومێدەوارم دوای تەواوکردنی کاروباری تاقیگەیی ئەو نەوتەی لە کوردستانەوە ھاتووە، لەو مانگەدا بتوانین پێشکەشی بازاڕەکانی جەیھانی بکەین."
لەبارەی ئەو گازە سروشتییەی لە ئێرانەوە دەنێردرێتە تورکیا یڵدز گوتی: "لەم ماوەیەی دوایی دا چەند گرفتێکمان ھاتۆتە پێش، بەھۆی چەند کێشەیەکی تەکنیکی کە لە ئێرانەوە سەریان ھەڵداوە، ئەو گازە سروشتییەی پێمان دەگا ھەشت ملیۆن مەتر سێجا کەمترە لەو رێژەیەی لە گرێبەستی نێوانماندا ئیمزاکراوە، لەوانەیە تا ماوەیەک ئەو گرفتە بەردەوام بێ."