دوهۆک
لە كۆنگرەیەكی روژنامەوانیدا لە پارێزگای دهۆك، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و ژمارەیەك لە وەزیرانی حكومەتی هەرێم رایگەیاند کە مەبەستی لەو سەردانە ئەوەبووە لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی ئاوارەكان بن، كە بە هۆی هاتنی داعشەوە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.
سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەوەشی راگەیاند کە تا ئێستا 700 هەزار ئاوارە لە پارێزگای دهۆكن.
نێچیرڤان بارزانی لەو كونگرە روژنامەوانییەدا داوای لە سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پەرلەمان و سەركۆماری عێراق كرد سەردانی پارێزگای دهۆك بكەن، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئەو "كارەساتە مرۆییە" بە چاوی خویان ببینن.
لەسەر شەڕی داعش و هێرشەكانی كۆبانێ لە لایەن داعشەوە، بارزانی گوتی: "ئێمە خەمبارین بەوەی بەرامبەر خەڵكی كۆبانێ كراوە لە لایەن داعشەوە. تا ئێستا هێزی پێشمەرگە نەچووەتە كۆبانێ و هەر كاتێك لە توانامان بوو بە بێ دوو دڵی هاوكاری خەڵكی كۆبانێ دەكەین."
لە وەڵامی پرسیارێك لەسەر ئەوەی ئایە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پڕۆسەی رزگاركردنی بارمتەكانی كۆنسوڵخانەی توركیادا هاوكاری توركیای كردووە، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "سەرەتا خوشحاڵین بەوەی ئەو بارمتانە لە دەستی داعش رزگاركراون و رزگاركردنی ئەوان ئێمەی دڵخوش و خوشحاڵ كردووە." هاوکات رەتیكردەوە حكومەتی هەرێم هاوكاری دەزگا ئەمنییەكانی وڵاتی توركیای كردبێ لە رزگاركردنی ئەو بارمتانمەی لە دەستی داعشدابوون.
لەسەر حكومەتی عێراق و پۆستەكانی كورد، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "تا ئێستا لایەنە كوردییەكان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەتی عێراق رێكنەكەوتوون و ئەوەی لای ئێمە وەك كورد گرنگ بێ، ئەوەیە یەك دەنگیی و یەك هەڵوێستیی لایەنە كوردییەكانە، ئەوەی گرنگە ئێمە ئەگەر بچینە بەغدا پێكەوە دەچین و ئەگەر نەچین پێكەوە ناچین."
سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو کە هاتنی ئاوارەكان بارگرانییەكی زۆری خستووەتەسەر حكومەتی هەرێم، لە رووی ئەمنی و ئابووری و سیاسی، چونكە رۆژانە پێویستی بە خەرجییەكی زۆر هەیە.
لە وەڵامی پرسیارێكدا كە ئایە توركیا یارمەتی داعشیداوە، نێچیرڤان بارازنی رەتیكردەوە حكومەتی توركیا هاوكاری داعشی كردبێ لە هێرشەكانیدا بۆسەر هەرێم و گوتی: "هەرگیز باوەڕمان نییە توركیا یارمەتی داعش بدا لە هێرشەكانی بۆسەر هەرێمی كوردستان، باوەڕمان نییە توركیا یارمەتی داعش بدا."