چەكدارانی بۆكۆ حەرام رۆژی یەكشەممە ھێرشیان كردە سەر دوو گوندی مەسیحیان لە باكووری رۆژھەڵاتی نێجیریا و ١٢ كەسیان كوشت.
بە پێی لێدوانی شاھێدحاڵەكان چەكدارانی بۆكۆ حەرام لە پارێزگای بۆرنۆ لە باكووری رۆژھەڵاتی نێجیریا ھێرشیان كردۆتە سەر رێوەڕەسمێكی بووك گواستنەوە لە گوندی تاشان ئالەدە و ھەشت كەسیان كوشتووە.
ھەر دوێنێ چەكدارانی بۆكۆ حەرام ھێرشیان كردۆتە سەر گوندی كڤایفا لە نزیك گوندی تاشان ئاڵەدە و چوار كەسی دیكەیان كوشتووە.
كاربەدەستێكی ھێزە ئاسایشپارێزەكانی نێجیریا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "راستە ئەو ھێرشانە ئەنجامدراون، بەڵام ھێشتا نازانرێ چەند كەس بە ھۆی ئەو ھێرشانەوە گیانیان لە دەست داوە."
لە لایەكی دیكە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە سەرۆكی بۆكۆ حەرام لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا داوای لە چەكداران كردووە هێرشەكانیان بۆ سەر مەسیحییەكان زیاتر بكەن.