Hemn Baban
28 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 29 ئەیلوول 2019
هه‌ولێر - AA
كۆبوونه‌وه‌كانی لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ ته‌واوكردنی ورده‌كارییه‌كانی دیكه‌ی لیسته‌كه و رێككه‌وتن له‌سه‌ر چۆنێتیی به‌شدارییكردن له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان.
ئه‌مڕۆ نوێنه‌رانی نۆ لایه‌نی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان له‌پێناو رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانی لیستێكی هاوبه‌ش بۆ به‌شدارییكردن له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق كه بڕیاره ساڵی داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێت، له‌شاری هه‌ولێر كۆبوونه‌وه.
له‌وباره‌یه‌وه و له‌دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونه‌وه‌كه، لایه‌نه‌كان راگهیهنراوێكیان بڵاوكرده‌وه، كه تێیدا هاتووه:
" ئه‌مڕۆ ٢٨ی ئه‌یلوولی ٢٠١٩، نۆ هێزی كوردستانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان له‌كه‌ركوك، نه‌ینه‌وا، دیاله، سه‌ڵاحه‌دین. له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیاردرا به‌یه‌ك لیست له‌ژێر ناوی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستانی به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌كه بكه‌ین و بانگهێشتی سه‌رجه‌م لایه‌نه كوردستانییه‌كانی دیكه‌ش ده‌كه‌ین بۆ به‌شدارییكردن له هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌دا".
باس لهوهشكراوه كه لایه‌نه به‌شداره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه جه‌ختیان له‌سه‌ر ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخی ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان له‌پێش هه‌ڵبژاردن كردووه‌ته‌وه. پێداگریی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكراوه، به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون بۆ تانه پێشكهكراوهكان له‌دادگای فیدڕاڵی له‌سه‌ر یاسای هه‌مواركراوی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان و له‌پێناو راپه‌ڕاندنی كاره‌كان ده‌زگای هه‌ڵبژاردنه‌كانی حزبه‌كان راسپێردراون بۆ ئه‌نجامدانی كاری پێویست.
له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی ئه‌و نۆ لایه‌نه سیاسییه‌دا تیشك خراوه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه جه‌ختی له‌سه‌ر پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه‌ی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان له‌و پارێزگایانه‌دا كه ناویان هاتووه، كردووه‌ته‌وه.
لایه‌نه به‌شداره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه بریتیی بوون له؛ پارتی دیموكراتی كوردستان، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان، كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان، بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی كوردستان، حزبی شیوعی كوردستان، حزبی سوسیالیستی كوردستان و حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان.