سلێمانی
ئەمڕۆ لقی گەرمیانی یەكێتی لاوانی دیموكراتی لە كوردستانی عێراق سەردانی نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد و لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران كۆبونەوە.
ئەو رێكخراوە دوو داواكارییان ئاراستەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كرد ، یەكەم كردنەوەی كردنەوەی نووسینگەی پەرلەمان لەو ناوچەیە، هەروەها كاركردنی پەرلەمان لەسەر كۆچكردنی گەنجان بەرەو هەندەران و چارەسەركردنی هۆكارەكانی ئەو كۆچە.
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و سەرپەرشتیاری نووسینگەی سلێمانی پەرلەمان شێركۆ حەمەدەمین لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "هەردوو داواكارییەكەیان رەوان و جێگای گرنگی خەڵكی كوردستانە، بۆ كردنەوەی نووسینگەی گەرمیانی پەرلەمانی كوردستان لە ناو پەرلەماندا كاری لەسەر دەكرێت و گەیشتۆتە قۆناغی كۆتایی".
پەرلەمانی كوردستان جگە لە پارێزگاكانی هەولێر ، سلێمانی ، دهۆك ، هەڵەبجە و كەركووك ، لە چەند شارێكی دیكەی وەك رانیەو زاخۆ نووسینگەی هەیە.
پەرلەمانتارەكەی كوردستان لە بارەی سەرهەڵدانەوەی كۆچی گەنجان بۆ دەرەوە گوتی: "ئەو داواكارییەش كاری لەسەر دەكرێت لە پەرلەمان و بەمزووانە لە ناو پەرلەماندا ۆرك شۆپێك لەسەر ئەو دیاردەیە بە بەشداری رێكخراوەكانی پەیوەندیدار ساز دەكرێت، تێیدا تاوتوێی ئەو بابەتە دەكرێت و پەرلەمان كار لەسەر دەرەنجام و راسپاردەكانی دەكات و دەسەڵاتی جێبەجێكردن ناچار دەكات بە جێبەجێكردنیان".
لەلای خۆیەوە لێپرسراوی لقی گەرمیانی یەكێتی لاوانی دیموكراتی لە كوردستانی عێراق قەیس ئەنوەر گوتی: "لە ساڵی 2014 ەوە كار لەسەر كردنەوەی نووسینگەی پەرلەمان دەكەین لە گەرمیان، ئەوەش بە هۆی گەورەیی ئەو ناوچەیە و بوونی زۆرێك لە بەرێوەبەرایەتییە كانی حكومی و لە خۆ گرتنی سێ قەزاو ژمارەیەكی زۆر شارەدێی و گوند".
ئەو هەروەها گوتی: "خەمی ئێمەیە وەك رێكخراوێكی لاوان كار لەسەر كۆچكردنی گەنجان بەرەو هەنداران بكەین، هۆكارەكانی سەرهەڵدانەوەی ئەو دیاردەیە چارەسەر بكرێت".
ئەو داواكارییە لە كاتێكدایە كە دیاردەی كۆچكردنی گەنجان بەرەو وڵاتانی ئەورووپا بەشێوەیەكی نایاسایی (قاچاخ) سەری هەڵداوەتەوە و بۆتە باس و خواسی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی و هەموو لایەنەكانی بە خۆیەوە سەرقاڵ كردووە.