Heman Hussein Yaseen
14 حوزەیران 2024•نوێکردنەوە: 18 حوزەیران 2024
هەولێر -AA
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان-عێراق، مەسرور بارزابی پێشوازی لە سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلاميی ئێران، عەلی باقری کرد.
ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە کە لە کۆبوونەوەیەکدا پەرەپێدانی پەیوهندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران تاوتوێ کرا، ئەوەشخراوەتەڕوو کە هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لەسەر بنەمای بەرژوەنديی هاوبەش.
لە بەشێکی هەواڵەکەدا هاتووە کە سەرۆکوەزیرانی هەرێم وێڕای دووبارە دەربڕینی هاوخەمی بۆ گیان لەدەستدانی سەرۆکۆمار و وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و یاوەرانیان، جەختی لە گرنگیی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کردەوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، خواستی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دووپاتکردەوە و سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هاریکاری و ئاسانکارییان بۆ زیارەتکارانی ئێرانی کە سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەکەن.
دوای کۆبوونەوەکەش سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماژەیان بە گرنگیی سەردانەکە و گفتوگۆکان بە ئاراستەی باشترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کرد.