ھەولێر
یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێ بەشداریی حکومەتێک ناکا تەنھا بەشداریپێکردن بێ و رۆڵی لە داڕشتنی سیاسەتی حکومەتەکەدا نەبێ.
بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی محەمەد رەئوف، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵو دەڵێ، بەپێی دواین ئامارەکانی بەردەستیان لە ھەڵبژاردنەکەی ٢١ی ئەم مانگە توانیویانە لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٩٢ ھەزار دەنگ بەدەست بێنن، بە متمانەیەکی زۆریشەوە دەڵێ "١٠ کورسیی پەرلەمانمان مسۆگەرکردووە تا ئێستا ھەندێک سندوقیش ماوە لەبەر کەمیی چاودێرەکانمان نازانین چەند دەنگی تریش لەوانە بەدەست دەھێنین". دەشڵێت پێدەچێت حەوت پیاو و سێ ئافرەتانیان بنێرنە پەرلەمان.
محەمەد رەئوف پێیوایە ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی چەند رۆژی رابردوو "لەھەموو ھەڵبژاردنەکانی پێشتر باشتر بوو" ئەمەش بۆ درێژنەکردنەوەی ماوەی دەنگدان و بەکارھێنانی مۆری ئەلیکترۆنی دەگەڕێتەوە کە یەکەم جارە لەسەر ئاستی ھەموو عێراق ئەم مۆرە لە ھەڵبژاردن بەکاربھێنرێ، لەگەڵ ئەوەشدا پرۆسەکە بەبێ کێشە و گرفت نازانێ.
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە باڵی کوردیی ئیخوان موسلمین دەناسرێ، لە ٦/٢/١٩٩٤ لە ھەرێمی کوردستان خۆی راگەیاند. لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ھاوینی ٢٠٠٩ی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ھەریەک لە کۆمەڵی ئیسلامی، زەحمەتکێشان، سویسالیست لیستی چاکسازی و خزمەتگوزارییان پێکھێنا و یەکگرتووی ئیسلامی شەش کورسیی بەرکەوت.
رەئوف، لەبارەی بەشداریکردنی حکومەتیش دەڵێ تەماشای بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و یەکگرتوو دەکەن، مەرجەکانی یەکگرتووش بۆ بەشداریکردن لە حکومەت بەمشێوەیە دەخاتە روو "سیاسات و نیەتی ئەو لایەنەی حکومەت پێکدەھێنێ کە دەیەوێ چی بکا و چۆن دەیکا ئەمە بۆ ئێمە گرنگە، چونکە ئێمە ناچینە حکومەتی بەشداریپێکردن، واتە نە ئاگامان لە سیاسەتی حکومەت بێ و نە دەسەڵاتیشمان ھەبێ، دەچینە حکومەتێکەوە کە لە سیاسەتەکانی بەشدار بین و دەسەڵاتی راستەقینەشمان وەکو شەریک ھەبێت چی لە سەر ئاستی ناوخۆیی، چی دەرەکی بێت، یەکێکی تر لە مەرجەکانی ئێمە ئەوەیە فیفتی بە فیفتی نەمێنێ، رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەکێتی نەمێنێ، ئەوەیش بەو مانایە نا یەکێتی پەراوێز بخرێ، ھەروەھا ھەیمەنەی حزب لەسەر حکومەت لە بەڕێوەبردن و بودجەدا نەمێنێ".
لەبارەی بەشداریکردنی یەکگرتووی ئیسلامی بە بێ کۆمەڵ و گۆڕان وەکو سەرکردایەتییەکی پارتی ئاماژەی بۆ کردووە، دەڵێ، نە ئێمە و نە کۆمەڵ و نە گۆڕان چارەنووسی خۆمان بەیەکترەوە نەبەستووەتەوە، ھەرسێکیشمان تەماشای بەرژەوەندیی کوردستانمان کردووە و ھەرلایەنێکیش تەماشای بەرژەوەندیی حزبەکەی خۆی کردووە". لەگەڵ ئەوەشدا یەکگرتوو حکومەتی بنکە فراوان کە ھەموو یان بەشی زۆرینەی لایەنە براوەکان بەشداریی تێدا بکەن پێ باشترە.
راشی وایە حکومەتی بنکە فراوان بۆ کوردستان و عێراق و ناوچەکەش باشە، بۆ چەندین ساڵی تریش دەبێت لە کوردستان دیموکراسیی تەوافوقی پەیڕەو بکرێ، چونکە " ھیچ حزبێک بەتەنھا ناتوانێت بۆ خۆی حوکمڕانی بکا".