هەرێمی کوردستان ١٠٠ رۆژی تێپەڕاند بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردندا و هێشتا کارەکانی پێکهێنانی کابینە لە سەرەتادایە.
یەکێتی ئومێد دەکا گفتوگۆکانی لایەنەکان پاش سەری ساڵ بەزوویی دەستپێبکەنەوە و بەر بڵاوتربێ.
عەدنان موفتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ی.ن.ک، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رەتیکردەوە حزبەکەیان ھۆکاری دواکەوتنی پێکھێنانی کابینەی هەشتەم بێ کە زیاتر لە ٤٠ رۆژ بەسەر دەستپێکردنی گفتوگۆکانی پێکھێنانی تێدەپەڕێ.
موفتی لەوبارەیەوە بەپێداگرییەوە گوتی: "یەکێتیی نیشتمانی کوردستانیش وەکو لایەنەکانی دیکە بەشداری گفتوگۆکانی پێکھێنانی حکومەتی کردووە، ھۆکاری درەنگ کەوتنی پێکھێنانی کابینە یەکێتی نییە وەکو دەیڵێن، بەڵکو ئەنجامی ھەڵبژاردن وایکرد ھیچ لایەنێ بەتەنیا ناتوانێ حکومەت دروست بکا و ویستی ئۆپۆزسیۆن بۆ بەشداریی تێیدا وایانکردووە دوابکەوێ."
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کە لە ھەڵبژاردنی ٢١ی ئەیلولی رابردوو ١٨ کورسیی پەرلەمانی بەدەست ھێنا و بووە سێیەم گەورەترین لایەنی نێو پەرلەمان لەپاش پ.د.ک. و بزووتنەوەی گۆڕان، لەسەر زاری ئەندامی شاندی دانوستاننکاری بۆ پێکھێنانی کابینە، لەڕێی رۆژنامەی کوردستانی نوێ ئۆرگانی ی.ن.ک، رۆژی ٢٣ی ئەم مانگە رایگەیاند: سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی حکومەت و دوو وەزارەتی سیادی، بەشایستەی خۆی دەزانێ.
بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا پ.د.ک بەڕەسمی قسەی لەوبارەیەوە نەکردووە.
عەدنان موفتی لەمەڕ ئەو داواکارییانەی حزبەکەی دەڵێ، داواکاریی رەسمیین لە پ.د.ک وەکو لایەنی سەرەکی بۆ پێکھێنانی حکومەت.
دەشڵێ ئەگەر ئیستیحقاقی ئەوان نەبێ، ناتوانن ئەو پۆستانە وەرگرن بۆیە بە شایستەی خۆیانی دەزانن.
موفتی ئەوەش باس دەکا کە لەکۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ شاندی پارتی ئەو داواکارییانەی خۆیان باس کردووە، لەبارەی سووربوونی یەکێتیش لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت، روونی دەکاتەوە: "ئەو مەسەلەیە چی لەگەڵ پارتی و چی لەناوخۆی حزبیشدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێ و بەکراوەیی ماوەتەوە."
موفتی راشیگەیاند: ھیچ رێککەوتنێکیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان نییە لەسەر دابەشکردنی پۆستە حکومییەکان و دوای سەری ساڵ، خولێکی دیکە وتووێژەکان دەست پێدەکاتەوە.