Sarmand Hameed
17 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2016
گوتهبێژی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، مهحمود محهمهد رایگهیاند، دووشهممهی داهاتوو شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی شاری سلێمانی دەکات و لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و بزووتنەوەی ئیسلامی كۆ دەبێتەوە.
لە چوارچێوەی ئهو هەنگاوانهی بۆ جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی و دۆزینەوەی نەخشەڕێگایەك بۆ چارەكردنی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێمی کوردستان، دەنرێن؛ پارتی دیموکراتی کوردستان لەشاری هەولێر بەجیا لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی دیکەی کوردستان کۆبووەوە و بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی شاری سلێمانی بکات و بەجیا لەگەڵ هەریەک لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و بزووتنەوەی ئیسلامی کۆببێتەوە.
لەوبارەیەوە گوتهبێژی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، مهحمود محهمهد بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگهیاند "لەدوای ئەو پەیامەی کە جەنابی سەرۆکی هەرێم رایگەیاند بۆ چاککردنی بارودۆخی کوردسان و بایەخ پێدان بەوەی کە دەبێت لەمەودوا رێکبخرێتەوە و ئەو هەوڵانەی لەدەرەوەی کوردستان هەیە بۆ زیاتر درزخستنە ناو رێزی نێو ماڵی کورد، لێژنەیەک پێکهات لەناو پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەوەی سەردانی تەواوی حزب و لایەنە سیاسییەکان بکات بۆ ئەوەی لە روانگەی ناوەڕۆکی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێم چ میکانزمێک بە گونجاو دەزانرێت بۆ ئەوەی ئەم پەیامە جێبەجی بکرێت و لەسەر ئەرزی واقیعدا بەرجەستە بکرێت، بۆیە سەردانی یەک یەک لە لایەنەکانمان کرد و لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ هەموو لایەنەکان گفتوگۆمان کردووە".
سەبارەت بەجددییەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم، مەحمود محەمەد گوتی: "دیارە جددییەتێکی تەواو لای زۆربەی هەر زۆری لایەنەکان هەستی پێ دەکرێت بەوەی کە پێیان باشە ئەم بارودۆخە ئاسایی بکرێتەوە و زەمینەی بۆ خۆش بکرێت بۆ ئەوەی لەمەودوا لایەنی دەرەکی ئەوەندە نەتوانێت دەست بخاتە ناو ماڵی کوردەوە".
لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، گوتهبێژی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانمان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان پێشتریش لەچوارچێوەی لێژنەیەکی هاوبەشی سێقۆڵی (پارتی، یەکێتی و یەکگرتوو) سەردانی بارەگای بزووتنەوەی گۆڕان-مان کرد و گفتوگۆمان کرد وە بانگهێشتمان کردن بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکانمان دەست پێ بکەینەوە بۆ بەردەوام بوون لەسەر ئەوەی کە چۆن چارەسەری ئەو کێشانە بکەین کە لە کوردستاندا هەیە".
سەبارەت بە وەڵامی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ هەنگاوەکەی ئەو سێ لایەنە، مەحمود محەمەد گوتی: "بەداخەوە بزووتنەوەی گۆڕان بەدەم بانگەوازەکەی ئەو سێ لایەنەوە نەهات و بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان ئەوکات مەرجی پێشوەختەیان هەبوو".
گوتەبێژی فەرمیی پارتی بە گەشبینیەوە باسی لە سەردانی ئەمجارەی شاندی پارتەکەیان بۆ لای بزووتنەوەی گۆڕان دەکات و دەڵێت: "لە ئێستادا زەمینەی زیاتر بۆ گفتوگۆکان رەخساوە و ئەو شێوە بیرکردنەوەی کە ئێستا هەیە وەکو ئەوە نییە کە ساڵێک لەمەوبەر هەبوو، بۆیە دەکرێت بڵێن هەنگاوەکان جددییتر دەبن".
مەحمود محەمەد گوتیشی: "لێرە و لەوێ شت روودەدات نایکەینە ئاستەنگ و پێشمان باشە لایەنی دیکەش ئەم بابەتانە نەکەنە ئاستەنگ و ئەوەی کە دەکرێت بەشێکی زۆری کە ئەو هەوڵەیە کە پێشتر ئاماژەم بۆ کرد بۆ دەست خستنە ناو یەکڕیزی ماڵی کوردستانییە و تێکدانییەتی، بۆیە لێرە و لەوێ هەندێکجار، ئەم یان ئەو بە ناو رۆشنبیر، ئەم یان ئەو بەناو سیاسیی هەندێک بابەت دەخەنە روو یان هەندێک بابەت دورووژێنن بۆ ئەوەی ئەو هەنگاوانەی کە دەنرێت سەرکەوتوو نەبێت".
سەبارەت گەشبینیشی بۆ بەئەنجام گەیشتنی گفتوگۆکان بۆ چارەسەکردنی قەیرانەکانی هەرێم، گوتهبێژی فهرمیی پارتی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئیمە لای خۆمانەوە چونکە جددییەتمان هەیە و لەلایەکی دیکەش سەرۆک بارزانی بەوپەڕی جددییەتەوە بە پێویستی دەزانێت کە ئەم بارودۆخە چاک بکرێت، بۆیە ئەگەر لە روانگەی خۆمانەوە سەیری ئەم بابەتە بکەین دەبێت خەڵکی دیکە جددییەتی هەبێت بۆ ئەوەی چارەسەرییەکە بە ئەنجام بگات، بۆیە بەڵی ئومێدمان هەیە بتوانین کێشەکان چارەسەر بکەین".
سەبارەت بە بوونی پەکەکە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان گوتهبێژی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە راستیدا دووفاقییەک لە سیاسەتکردنی پەکەکەدا هەیە و دووفاقییەکی خستووەتە ناو ئەو پەڕ و باڵانەی کە لە شوێنەکانی دیکەشدا دروستی کردوون و، بەردەوام کێشە دروست دەکات. بە لێکدانەوەی زۆر لە رۆشنبیران و خەڵکی سیاسی ئەم هەوڵانەی پەکەکە دەیدات تەنها بۆ رێگە گرتنە لە پرۆسەی سەربەخۆیی، چونکە ئەوان باوەڕیان بە سەربەخۆیی نەتەوەیی نەماوە و باوەڕیان بە دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی نییە و زۆریش بە ئاشکرا گوتیان کە ئێمە رێگە لەو هەنگاوانە دەگرین".
مەحمود محەمەد گوتیشتی: "بە بڕوای ئێمە پەکەکە زەمینەی کارکردنی لە شوێنێکە کە دەبێت وردە وردە بۆی بچێت ئەگەر دەیەوێت خزمەتی نەتەوە و نیشتمانەکەی بکات، ئەگەر دەیەوێت خزمەتی ئەو پرۆژەیە بکات کە کاتی خۆی پەکەکە بۆی دامەزراوە".
سەبارەت بە مانەوەی چەکدارانی پەکەکە لە هەرێم، گوتهبێژی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "کوردستان بەشی خۆی پێشمەرگەی هەیە، بەشی خۆی ئاسایشی هەیە، خۆی ئەم وڵاتەی رزگار کردووە و، خۆیشی بەڕێوەی دەبات وە لەمەودواش دەتوانێت بیپارێزێت".
مەحمود محەمەد گوتیشتی: "پێمان خۆش بوو ئەو برایانەمان لە کوردستانی باکوور بیانتوانیبایە یان لە پرۆسەی سیاسیدا بەشداربوونایە و لە ئاشتەواییدا هەنگاوی زۆر گەورەیان نابایە بۆ ئەوەی بیناتوانیبایە دەستکەوتێک بۆ خەڵکی باکوور بەدەست بهێنن، خۆ ئەگەر ئەوشیان پێناکرێت با کێشەیان لێرە دروست نەکردابایە. بەداخەوە، نە ئەوەی ئەوێ دەکەن و نە لێرەش واز لە کێشە دروست کردن دەهێنن".
گوتهبێژی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: "لەسەرەتای هاتنی پەکەکە بۆ کوردستان، بەردەوام کێشەیان لەم سنوورانە دروست کردووە و، هەوڵیان داوە ئەم دامودەزگایانەی کە بەشەرعی و بە هەڵبژاردن و لە رای گەلەوە هاتوون بۆ وڵاتەکە لەناویان بەرن، یان دانیان پێدانەنێن، یان بەدیلیان بۆ دروست بکەن، ئەمە هەوڵی ئەوانە".
گوتەبێژەکەی پارتی لە درێژەدا گوتی: "پێویستە پەکەکە واز لەسیاسەتی دووفاقی بهێنێت. لەلایەک ئێمە باس لە کۆنگرەی نەتەوەیی بکەین و لەلایەکی دیکەشەوە باوەڕ نەبوون بە سەربەخۆیی و دروست کردنی دەوڵەتی نەتەوەیی بێت، هێرشکردنە سەر هێما نەتەوەیەکانمان کە قوربانی لە پێناوی دراوە، بۆیە دەبێت ئەوان زیاتر هەوڵی بەخۆداچوونەوە بدەن و، هەوڵ بدەن چیتر خۆیان بە سەرپەرشتیار لە پرۆسەی سیاسی پارچەکانی دیکەی کوردستان نەزانن".
مەحمود محەمەد گوتیشتی: "هەر پارچەیەکی کوردستان حزبی خۆی و تایبەتمەندی خۆی هەیە ئەمەش وایکردووە کە حزبەکان بەپێی تایبەتمەندی ئەو پارچەیەی خۆیان کاربکەن بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانیان، پەکەکە لە دەوڵەتی یەکپارچییەوە گەیشتوونەتە ئەوەی باوەڕیان بە دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی نەمێنێت و گەیشتوونەتە ئاستێک باس لەوە بکەن کە پێکەوەژیانیان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەیان پێ باشتربێت لەوەی کە دەوڵەتێک بۆ کورد هەبێت".
لە کۆتاییدا گوتهبێژی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، مهحمود محهممهد گوتی: "پێمانوایە بوونیان لێرە و لەوێ نە گەورەیان دەکات، نە خزمەتیان پێ دەکات، جگە لەوەی لەبەرچاوی خەڵکی زیاتر ناشیرن دەبن".