سلێمانی
عەبدولوەھاب عەلی گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانە لەپارێزگای سلێمانی و لەدوای دانانی لەو پۆستەدا لەڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوکەوە زۆرترین ھێرش و توانج و ڕەخنەی لێگیراوە.
چیرۆک و نوکتە سەیر و سەمەرەکانی عەبدولوەھاب عەلی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک کەلەلایەن بەشێک لە بەشداربووانی ئەو تۆڕەوە بڵاوکراونەتەوە زۆرن و یەکەم بەرپرسە کە زۆرترین نوکتە و کۆمێنتی ڕەخنەیی و تەنزئامێزی لەڕێگەی فەیسبوکەوە بڵاو بۆتەوە.
عەلی ئەمڕۆ پێنجشەمە لە قاوەخانەی کولتووری لەشاری سلێمانی، پێشانگایەکی وێنەیی کردەوەو تێیدا بەشێک لەو کاریکاتێر وێنە و کۆمێنت و نوکتانەی نمایش کرد کە لە ڕۆژنامەو گۆڤار و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەسەری بڵاو کراونەتەوە.
عەلی بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵو AA لەبارەی پێشانگاکەوە گوتی "کردنەوەی ئەو پێشانگایە وەک دەستپێشخەرییەکە بۆ ئەوەی ھاووڵاتیانمان فێر بن چۆن بەزمانی گوڵ وەڵامی ڕەخنەگرانمان بدەینەوە و بەسنگ فراوانییەوە قبوڵی بکەین".
بەرپرسەکەی پارتی گوتی" ئەو وێنانەی نمایشم کردون بەشێکی کەمن لەو ڕەخنە و نووسین و کاریکاتێرانەی لەسەر من بڵاوکراونەتەوە، من لەسەر ھەریەکێکیان وێنەی گوڵێکم داناوە، ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی من بەگوڵ وەڵامیان دەدەمەوە".
عەبدولوەھاب عەلی داوای کرد لەو کەسانەی ڕەخنە دەگرن بەزمانی گوڵ ڕەخنە بگرن و بەھەمان زمانیش وەڵام بدرێنەوە.
حاجی مەکی ھونەرمەندی ناسراوی کورد و بەشداربووی پێشانگاکە بۆ AA گوتی "پێشانگایەکی نوێ و جوانە بەوەی ئەو کەسەی پێشانگاکەی کردۆتەوە ڕەخنە لە خۆی بگرێ و ئەو شتە ناشیرینانەی لەسەری بڵاو کراونەتەوە نیشانی ھەمووانی بدا".
لە بەرنامەیەکی کەناڵێکی ئاسمانیدا عەبدولوەھاب عەلی ئاماژەی بەوە کردبوو دەچێتە ھەر جێگەیەک زۆرترین وێنەی لەگەڵ دەگرن، ئەو وتەیە کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە و زۆرترین کاریکاتێرو کۆمێنتی تەنزئامێزی لەسەر نووسرا.