Hemin Hüseyin
21 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 22 کانوونی یەکەم 2016
شەوی رابردوو لەمیانی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی یادی لەدایکبوونی رێبەری تیرۆرکراوی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، دکتۆر عەبدولرەحمان قاسملوو لە بارەگای مەکتەبی سیاسی حزبی دیموکراتی کوردستان لە شاری کۆیە، دوو تەقینەوە رووی دا و لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستان و دوو کارمەندی ئاسایش کوژران و لە رێورەسمی ناشتنی قوربانییەکان لە گۆڕستانی شەهیدانی دیموکرات لە کۆیە، سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستان، خالید عەزیزی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەو رووداوە کرد و بە کارێکی تێکدەرانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی وەسفی کرد.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستان، خالید عەیزی گوتی: "شەوی رابردوو ئێمە کە کۆبووینەوە لە کەشوهەوایەکی ئارامدا بە شێوەیەکی زۆر شارستانیانە و یادی دکتۆر قاسمولوومان دەکردەوە، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران کە سەرچاوەی نائەمنیی و کێشەکانە لە ناوچەکەدا، کردەوەیەکی تیرۆریستیی ئەنجام دا و بەم هۆیەوە پێنج تێکۆشەری حزبی دیموکراتی کوردستان شەهید بوون، بۆیە ئێمە تیرۆر بە تیرۆر وەڵام نادەینەوە بەڵکو تیرۆر هەر بە بەژن و باڵای داعش و کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە جوانە".
دواتر ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستان، عومەر باڵەکی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "شەوی رابردوو لە کاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمی شەوی یەڵدا و یادی لەدایکبوونی دکتۆر قاسملوو، لە کافتریای بەردەم قەڵا کە دەکاتە مەکتەبی سیاسیی حزبی دیموکراتی کوردستان، تەقینەوەیەک رووی دا و خەڵکەکەش بەهانای ئەو یەک کەسەوە چوون کە لەناو کافتریاکە خەریکی پاککردنەوە بوو، بەڵام لەو کاتەدا تەقینەوەی دووەم رووی دا و بەو هۆیەوەش پێنج پێشمەرگەی حزب و کارمەندێکی دیکەی ئاسایش شەهید بوون".
عومەر باڵەکی گوتیشی: "ئێستا پەیوەندیمان پێوەکرا کە کارمەندێکی دیکەی ئاسایش بەهۆی سەختی برینەکەی شەهید بوو، بەمەش ژمارەی شەهیدەکانمان دەبێتە پێنج پێشمەرگە و دوو کارمەندی ئاسایش، هاوکات سێ برینداریش ئێستا لە نەخۆشخانەی شاری کۆیە چارەسەری پێویست وەردەگرن".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی حزبی دیموکراتی کوردستان، کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆکاری سەرەکی ئەو کردەوەیە دەزانێت و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "کۆماری ئیسلامی ئێران ناتوانێت بەو هەوڵە نەزۆکانە رێڕەوی خەبات و تێکۆشانی ئێمە بگۆڕێت و ئێمە لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام دەبین و ئەوەش کارێکی تیرۆریستی و تێکدەرانەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجامیداوە".
سەبارەت بە دەستکەوتنی زانیاری و سەرەداوی ئەو کارە تیرۆریستییە، عومەر باڵەکی گوتی: "بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی شاری کۆیە لێژنەیەکمان پێکهێناوە بۆ بەدواداچوون و دەرکەوتنی راست و دروستی کردەوەکە و لە ئەگەری بەدەستکەوتنی هەر زانیارییەک، ئەوا بۆ رای گشتی بڵاوی دەکەینەوە".