داکا
دەستەی سەرۆکایەتیی دادگای تەمیز، وەڵامێکی نەرێنی پارێزەرانیعەبدولقادر مەلا دایەوە سەبارەت بە تەمیز کردنەوەی سزاکەی.
بە گوێرەی یاسای سزادان، مەلا دەتوانێ لە نێوان ٨- ١٥ رۆژدا داوای لێبوردن لە سەرۆکی وڵات بخوازێ.
پارێزەرانی یاسایی عەبدولقادرمەلا رایانگەیاند: حکومەتی بەگلادیش بەبێ ئەوەی ھەموو رێوشوێنە یاسایەکان تەواو بکا، ئامادەکارییان بۆ لە سێدارەدانی کردووە. بەڵام ئەوان سەر لەنوێ داوایان کردووە دادگا چاو بە سزای لە سێدارەدانەکەی دا بخشێنێتەوە.
چاوەڕێ دەکرا شەوی سێشەممە ١٠ی کانوونی یەکەم، مەلا لە سێدارە بدرێ، بەڵام لەدوا ساتەکان بەھۆی داواکاری دادگای باڵا بۆ بەیانی چوار شەممە پڕۆسەی لە سێدارەدان دواخرا. دادگا دوێنی جارێکی دیکە بەھۆی داواکاری پارێزەرانی بۆ چاو خشاندنەوە بە بڕیاری لە سێدارەدان، پڕۆسەی لە سێدارەدانی بۆ رۆژی پێنجشەممە (ئەمڕۆ) دواخست.
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کە لە ساڵی ٢٠١٢ بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی شەڕی سەربەخۆیی لە لایەن حکومەتی بەنگلادیش دامەزرا. پڕۆسەی دادگاییکردنی عەبدولقادر مەلای گرتە ئەستۆ.
مەلا تاوانبار کرا بە کوشتنی ٣٤٤ مەدەنی بێچەک و بەھۆی پێنج تاوانی جیاوازەوە، رۆژی ٥ شوباتی ٢٠١٣ سزای زیندانی تاھەتایی بەسەردا سەپێنرا.
عەبدولقادر مەلا، سکرتێری گشتی حزبی جەماعەی ئیسلامی گەورەترین پارتی ئیسلامی سیاسیە لە بەنگلادیش، تاوانانەکانی دادگای رەتکردۆتەوە و بۆ ئەوەی سزای زیندانی تاھەتایی لەسەر ھەڵبگیرێ، داوای پێشکەشی دادگای تەمیز کردبوو.
بەڵام دادگای تەمیز رۆژی ١٧ ی ئەیلولی ئەمساڵ، بڕیاری زیندانی تا ھەتایی دادگای تاوانی جەنگی بۆ سزای لە سێدارەدان گۆڕی.