هەولێر
لە راگەیەنراوەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق بەهیچ شێوەیەك باسی نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كوردستان نەكراوە كە ماوەیەكە بەهۆی كێشەكانی هەولێر و بەغداوە راگیراوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی نەوتی خاوی هەناردەكراو و سەرجەمی داهاتە لێ وەدەست هاتووەكانی بۆ مانگی حوزەیرانی رابردوو راگەیاند، بەپێی ئاماری كۆتایی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق"سۆمۆ" بڕی ئەو نەوتەی لەو مانگەدا هەناردەی دەرەوەی كراوە گەیشتووەتە 95 ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل، لەكاتێكدا ئەو داهاتەی لە هەناردەكردنی ئەو بڕە بەدەستهاتووە پێنج ملیار و 289 ملیۆن دۆلار بووە ئەوەش لە چەند دەیەی رابردوو بەهیچ شێوەیەك بەدەست نەهاتووە بەپێی راگەیانراوەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق.
لەو بارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق عاسم جیهاد لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا ئاشكرای كرد تێكڕای رۆژانەی هەناردەكردنی نەوتی خاو بەرزبوونەوەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە كە گەیشتووەتە نزیكەی سێ ملیۆن و 187 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا كە ئەوەش لە چەند دەیەی رابردوودا بەدەست نەهاتووە، روونیشی كردەوە سەرجەمی ئەو بڕە نەوتەی لە بەندەرەكانی باشووری عێراقەوە لە بەسرە هەناردەكراوە گەیشتووەتە 90 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل و بڕی داهاتەكەشی پێنج ملیار و هەشت ملیۆن دۆلار بووە، لەكاتێكدا ئەو بڕەی لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردە كراوە چوار ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل بووە كە داهاتەكەی 281 ملیۆن دۆلار بووە.
جیهاد لەو لێدوانەیدا ئەوەشی گوت: "نرخی هەر بەرمیلێك خاوی عێراق بە بڕی 55 دۆلار و 32 سەنت فرۆشراوە، ئەو بڕانەشی لە سەرەوە ئاماژەیان بۆ كراوە لەلایەن 36 كۆمپانیای جیهانییەوە كە رەگەزییان جیاوازە لە بەندەرەكانی بەسرە و خۆر عەمییە و سەكۆكانی سەر كەنداوی عەرەبی و بەندەری جەیهانی توركییەوە بردراون"، گوتیشی وەزارەت هەوڵی زۆری داوە بۆ زیادكردنی هەناردەكردنی نەوتی خاو بۆ بەدەستهێنانی داهاتی زیاتر بۆ بوودجەی گشتی".