سلێمانی
بزووتنەوەی گۆڕان بەسەرۆکایەتیی (نەوشیروان مستەفا) ساڵی ٢٠٠٩ لەدوای بەشدارییکردنی لەھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، وەکو حیزبێکی سیاسی خۆی راگەیاند، لەو ساڵەدا گۆڕان ٢٥ کورسی بەدەست ھێناو لەماوەی چوار ساڵ کارکردندا لەپەرلەمانی کوردستان وەکو ئۆپۆزسیۆنی بەرچاوو کاریگەر مایەوە، ئێستا ھەوڵی تەواو دەدات بۆ پاراستن و زیادکردنی ژمارەی دەنگەکانی و دروشمی سەرەکی لەم ھەڵَبژاردنەدا وەگرتنی دەسەڵاتە.
لەماوەی کاری سیاسی خۆیدا بزووتنەوەی گۆڕان پارێزگای سلێمانی سەنتەری نفوزو جەماوەرەکەی بووە، ئێستا کاربەدەستانی ئەو بزووتنەوەیە کۆشش دەکەن سەنگ و قورسیایی خۆیان لەپارێزگاکانی ھەولێرو دھۆکیش دەربخەن، بەڵام لەھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن وا دەردەکەوێ ھێشتا ھەر نفوزە زۆرەکەیان لەپارێزگای سلێمانییە.
سەرۆکی لیستی (یوسف محەمەد سادق) گۆڕان بۆ AA باس لەچەند تەوەرەیەکی تایبەت بەھەڵبژاردن و ڕکابەرییان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەشاری سلێمانی، ھەروەھا باسی چۆنێتی وەرگرتنی دەسەڵات و کارەکانی ئۆپۆزسیۆن لەچوار ساڵی ڕابردوو دەکات.
لەبارەی شێوازی بانگەشەی ھەڵبژاردن لەماوەی دوو حەفتەی ڕابردوو، سەرۆکی لیستی گۆڕان دەڵێ"ماوەی ئەو دوو حەفتە بانگەشە ئەوەی سەلماندووە لایەنی زاڵ لەشەقامدا بریتیە لەبزووتنەوەی گۆڕان و لایەنگرانی، ئەوەش ئەو ئومێدەی دروستکردووە گۆڕان ئەمجارە ئەنجامێکی زۆر گەورە لەھەڵبژاردندا بەدەست دەھێنێ".
یوسف محەمەد جەخت لەسەر دروشمی لیستەکەی دەکاتەوە بۆ وەرگرتن و پێکھێنانی دەسەڵات"ڕامانگەیاندووە دەمانەوێ دەسەڵات بگرینە دەست، ئەوەش بەمانای ئەوەیە پێمانوایە لەم ھەڵبژاردنەدا لیستی یەکەم بین و زۆرینەی دەنگەکان بەدەستدێنین ، دوای ئەوە ڕابسپێردرێین بۆ پێکھێنانی حکومەت بەھاوبەشی لەگەڵ ئەو لایەنانەی کەلەبەرنامەیەکی سیاسیدا دەتوانین پێکەوە لەبەرنامەی حکومەتدا بگەینە ئەنجام و ڕێکەوتن".
یوسف ئەزمونی وڵاتانی ناوچەکە بەنمونە دەھێنێتەوەو ھیچ ڕێگرییەکی (پارتی و یەکێتی)کە ٢٢ ساڵە خاوەن دەسەڵاتن نابینێ بۆ ڕێگری لەوەرگرتنی دەسەڵات ئەگەر زۆرینە بەدەست بێنن لەوبارەیەوە گوتی
"ئەگەر دەسەڵات وەربگرین ھیچ ھێزێک نییە بتوانێ دەسەڵاتمان لێ قۆرخ بکات، ئەزمونی وڵاتانی ناوچەکە ئەوەیان سەلماندووە قۆرخکردنی دەسەڵات مومکین نییەو ئەوانەی قۆرخکاریی دەکەن لەدواجاردا لەناودەچن".
لەبارەی مەترسی دووبارە بونەوەی ئەزموونی وڵاتی میسر لەھەرێمی کوردستان، یوسف محەمەد بەدووری دەزانێ و بەدوو ئەزموونی جیاواز ناوی دەبا"ئەزمونی میسر ئەزمونێکی دیکەیەو زۆری دەوێ قسەی لەسەر بکەین، ئەزموونێکی جیاوازیشە لەوەی ھەرێمی کوردستان".
لەسنوری پارێزگای سلێمانی کێبڕکێی توندی ھەڵبژاردن لەنێوان ھەردوولایەنی ی.ن.ک و بزووتنەوەی گۆڕاندایە، بەجۆرێک چەندجارێ ئەو ململانێیە گەشتۆتە حاڵەتی پێکدادان و کوژران و برینداری لێکەوتۆتەوە، سەرۆکی لیستی گۆڕان دەڵێ "کێبڕکێ لەنێوان ئێمەو یەکێتی نییە، یەکێتی ئێستا بووەتە پاشکۆی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو ڕوداوانەشی روویان داوە ھەوڵی بەشێ لەبەرپرسانی ئەو حزبەیە بۆ دروستکردنی ئاژاوەگێڕی و دواخستنی ھەڵبژاردن".
ئۆپۆزسیۆن لەماوەی چوار ساڵی رابردودا چی کردووەو چی پێکراوە؟ ئەوە پرسیاری زۆرێکە لەسیاسی و چین و توێژە جیاجیاکان لەھەرێمی کوردستاندا، یوسف محەمەد لەو بارەیەوە گوتی "ئۆپۆزسیۆن لەماوەی رابردوودا داھێنانی گەورەی کرد لەپرۆسەی سیاسی دا بەرچاوترینیان ئەوەیە ھێزو لایەن ھەیە بەشداریی لەکێکی دەسەڵاتدا ناکات و لەپەرلەمان دەمێنێتەوە بۆ بەرگریی لەمافی ھاووڵاتیان، ھەروەھا گوشاری جدیش بوو بۆ خوشگوزەرانی ھاووڵاتیان".