قودس
فرانس ھولاند سەرۆکی فەرەنسا کە ئێستا بە سەردانێک لە ئیسرائیلە، لە گوتارێکدا لە کنێست پێشکەشکرد گوتی:" لەگەڵ مەحمود عەباس گفتوگۆم کرد لەبارەی پرۆسەی ئاشتییەوە. دەبێ دوو دەوڵەتی فەڵەستینی و ئیسڕائیلی دابمەزرێن کە پایتەختەکەیان قودس بێ، پێویستە ھەموو دۆسێکان دابخرێن و بگەنە چارەسەر. ناتوانین تا سەر لەسەر ئەو دۆسێیانە گفتوگۆ بکەین، دەبێ دروستکردنی یەکینەی نیشتەجێبوونی جولەکە رابگیرێ و ھاوکاریی ئابووریی پێشکەش بە فەڵەستین بکرێ تا ببوژێتەوە."
ھولاند بانگەوازی لە وڵاتانی عەرەبی کرد تا لەگەڵ ئیسرائیل ئاشتببنەوە، لەو بارەیەوە گوتی: "پێویستە ھەنگاوی گرنگ وەکو ئازادکردنی دیلە فەڵەستینیەکان بنرێ. داوا لە وڵاتانی عەرەبی دەکەم لەگەڵ ئیسرائیل ئاشتببنەوە. تەنیا گفتوگۆ بەس نییە."
دواتر بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە قسەکانیدا گوتی: "لەبارەی ئەوەی عەباس دانی پێدادەنێ کە ھەزاران ساڵە پەیوەندیی پتەو لەنێوان جولەکە و خاکی ئیسرائیلدا ھەیە، داوای لێدەکەم سەردانی کنێست بکا، ئەگەر وایکرد منیش ئامادەم سەردانی رامەڵڵا بکەم. چارەسەری ئاشتیانە و کۆتایھێنان بە شەڕ، تەنیا ئەوکاتە بەدی دێت کە ددان بە دەوڵەتی یەھودی دا بنرێ. ئەو کاتە رایدەگەیەنم ھەردوو دەوڵەت چارەسەری دەخوازن."
نەتانیاھۆ لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند کە ئیسرائیل لەژێر ھەڕەشەی لەناوبردندا ناژی، بۆیە ئەستەمە رێبدەن ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی.