ئۆرشەلیم
سەرۆك ئەركانی ئەمریكا مارتن دێمپسی سەردانی ئیسرائیلی كرد و لەوێ لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بنیامنین ناتانیاھو كۆبووەوە. ناتانیاھو لە كۆبووەنەوەكەیدا لەگەڵ دێمپسی گوتی: "دۆستێك لە خەڵكی ئەمریكا، سوپا و حكوومەتەكەی باشترمان نییە". ئاماژەی بەوەش داوە، دێمپسی دۆستێكی باشی ئیسرائیل بووە و پارێزەرێكی گرنگی پەیوەندییەكانی ئیسرائیل و ئەمریكا بووە، بۆ ئەو ھەڵوێستانەی ناتانیاھو سوپاسی سەرۆك ئەركانی ئەمریكا كرد.
سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل لە كۆبوونەوەكەدا راشیگەیاندووە، پێگەی سەربازی ئەمریكا لە جیھان و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دا بەرفراوان و گەورە بووە. لە بارەی پەیوەندی نێوان ھەر دوو وڵات ناتانیاھو گوتی: "دۆستێك لە خەڵكی ئەمریكا، سوپا و حكوومەتەكەی باشترمان نییە. ئێوە تەنیا بۆ ئەمریكا نا بەڵكو بۆ سەربەخۆیی شەڕ دەكەن".
- "شانازی بە سوپای ئیسرائیلەوە دەكەین"
سەرۆك ئەركانی ئەمریكا مارتین دێمپسیش دەڵێت "گرنگترین دیاری بۆ ئێمە ئەو دۆستایەتییەیە كە لەگەڵ سوپای ئیسرائیلدا ھەمانە". راشیگەیاند "دەزانم ئێوە شانازی بە سوپای ئیسرائیل دەكەن ئێمەش شانازی بە سوپاكەتانەو دەكەن.
مارتین دیمپسی لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتەدا كۆبووەوە. دێمپسی راشیگەیاند "ئەگەر لەگەڵ ئێران لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی رێككەوتین یا رێكنەكەوتین ئەوە ھێڵی سەربازی دژی دوژمنان دەپارێزرێت".
سەرۆك ئەركانی ئەمریكا دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك ئەركانی ئیسرائیل جەنەڕاڵ ئەسینكۆت و وەزیری بەرگری ئیسرائیل یالۆن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوایندا رایگەیاند" ئیسرائیل دەیەوێت لەوە دڵنیابێت كە ئەمریكا یارمەتی دەدات یان نا. ھاوكات دەیەوێت لەوە دڵنیا بێت كە ئەمریكا لە كاتێكدا ھاوكاری سوپاكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەكات بۆ ئەوە گەشەبكەن و گەورە بن بەڵام رێگە بەو سوپایانە نەدات لە ناوچەكەدا باڵا دەست بن".