ئەمڕۆ چوارشەمە بەرپرس و ئەندامانی ڕێكخراوی سكاڵا و چاودێری سەردانی نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی كوردستانییان كرد و بەیاننامەیەكی ناڕەزاییان دایە پەرلەمانتاران.
لەو بەیاننامەیەدا كە دوای كۆبونەوەیان لەگەڵ پەرلەمانتاران لەلایەن پارێزەری یاسایی ڕێكخراوەكە شێركۆ ساڵح خوێندرایەوە، تێیدا هاتووە: "تائێستا بەپێی یاسا كارپێكراوەكان پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی كرداری نەكردووە و بەئەركی خۆی هەڵنەستاوە، هەروەها ئاسۆی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بەنادیاری ماوەتەوە، ئەوەش بێڕێزییە بەرانبەر بەدەنگدان و لە هەمان كاتدا ڕۆڵی نوێنەرایەتی كردنی پەرلەمانتاران دەخاتە ژێر پرسیارەوە."
ڕێَكخراوەكە داوا دەكا بەزوترین كات پەرلەمان كۆبونەوەی پێویست و یاسایی خۆی ئەنجام بدا و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێرێ، دواتر لیستی براوە ڕاسپێردرێ بۆ پێكهێنانی حكومەت.
داواش دەكا وادەیەكی دیاریكراو بۆ پێكهێنانی حكومەت دیاری بكرێ كەلە 30 ڕۆژ زیاتر نەبێ، لەپێناو دەربازبوون لەو قەیرانە یاسایی و ئابورییەی ئێستا هەرێمی كوردستانی تێی كەوتووە، بەهۆی دواكەوتنی پێَكهێنانی حكومەت و پەسەندنەكردنی بودجەوە.
ڕێكخراوی سكاڵا و چاودێری هەڕەشەی ئەوە دەكا ئەگەر وەڵامی داواكانییان نەدرێتەوە، ناچار دەبن ڕێوشوێنی مەدەنیانە بگرنەبەر.
پەرلەمانتاری كوردستان لەفراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان نەجیبە لەتیف لەبارەی داواكاری ڕێكخراوەكەوە گوتی: "پشتیوانی لەو داواكارییە ڕەوایە دەكەین و داوا دەكەین هەرچی زووە پەرلەمان دانیشتنی خۆی ئەنجام بدا و حكومەتی نوێ پێك بهێنرێ."
ئەو داواكارییە لەكاتێكدایە دوێنێ سێشەممە فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان لەشاری سلێمانی بەمەبەستی بەدواداچونی داواكاری 88 پەرلەمانتار كەپێشتر ئیمزایان كردووەو داوای كۆبونەوەی بەپەلەی پەرلەمانییان كردووە، كۆبونەوە.
ماوەی 108 ڕۆژە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام تائێستا بەهۆی ڕێكنەكەوتنی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵنەبژێراوە و كابینەی نوێی حكومەتیش پێك نەهێنراوە.
یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان ڕۆژی 6/11/2013 ئەنجامدرا، لەو دانیشتنەدا پەرلەمانتاران لەسەر ئەوە ڕێككەوتن تائەو كاتەی لایەنەكان لەسەر دیاری كردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان ڕێك دەكەون، دانیشتنەكانی پەرلەمان دوابخرێن.