هەولێر
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت دوای بەشداریی کردنی سەرۆكی هەرێم لە كۆنفڕانسی جیهانی ئاسایش لە میونشنی ئەڵمانیا هاریكاریكردنی سەربازیی بۆ هەرێم خێراتر دەبێت.
بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگە عەمید هەڵگورد حیكمەت لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت تیمێكی فڕۆكەی وڵاتانی هاوپەیمان دژ بە داعش لە نزیك هەولێر جێگیر دەكرێت و ئامادەكارییەكان بۆ ئەو مەبەستە هێشتا تەواو نەبووە.
ئەو قسانەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە پاش قسەكانی گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پێنتاگۆن) جۆن كێربی دێت كە سەرەتای ئەم هەفتەیە رایگەیاند بڕیاری جێگیركردنی فڕۆكەی جۆری (v-22 osprey) و تیمی تایبەتمەند لە بەدواداگەڕان و فریاكەوتن لە هەرێمی كوردستان دەرچووە بۆ هاریكاریكردن و فریاكەوتنی ئەو فڕۆكانەی رووبەڕووی رووداو دەبنەوە.
لەبارەی بڵاوەكردنی ئەو فڕۆكانە و شوێن و كاتی بڵاوكردنەوەیان عەمید هەڵگورد حیكمەت گوتی" بۆ هاتنی ئەو تیمە سەربازیی و فڕۆكانە كە وا بڕیارە لە شوێنێكی نزیك لە هەولێری پایتەختی هەرێم بێت تا رادەیەك ئامادەكاریی كراوە، بەڵام هێشتا تەواو نەبووە".
قسەكانی ئەو بەرپرسەی پێشمەرگە لە پەراوێزی ئامادەبوونی هات لە هەڵمەتێكی خوێن بەخشینی قوتابیانی كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی زانكۆی سەڵاحەدین بۆ هێزی پێشمەرگە كە تایبەت بە ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "هێشتا ژمارەی ئەو فڕۆكانە دیار نیین، بەڵام پێدەچێت ژمارەیەكی زۆر نەبێت ئەوانەی لە هەولێر جێگیر دەكرێن".
سەبارەت بە ئەركی ئەو فڕۆكانەشەوە كە لە جۆری ئۆسبیری یە حیكمەت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "ئەركی ئەوان بە گشتی بریتی دەبێت لە چاودێری كردن و بەدواداچوونی بەرەكانی شەڕ لەگەڵ داعش و ئەوەش راگەیەنراوە كە ئەركی ئەو فڕۆكە و تیمانە بە هاناوە چوونی ئەو فرۆِكە و فڕۆكەوانانەی وڵاتانی هاوپەیمانی شەڕ لە دژی داعش دەبێت كە رووبەڕووی مەترسی و رووداو دەبنەوە".
بەپێی زانیارییە سەربازییەكانی ئەمریكا كە سێی ئەم مانگە رۆژنامەی نیۆیۆرك تایمزیش بڵاویكردەوە ئیمارات بەشداریكردنی لە هاوپەیمانێتی شەڕ لە دژی داعشی راگرتووە لە پاش دەستگیركردنی فڕۆكەوانی ئوردنی لە لایەن داعشەوە لە سووریا و دواتر سوتاندنی، هۆكاری راگرتنەكەش ئەوەبووە ئەو وڵاتە داوای لە ئەمریكا كردبوو بۆ پاراستنی سەلامەتی فڕۆكە و فڕۆكەوانەكانی، فڕۆكەی ئەمریكی لە جۆری (v-22 osprey) لە هەرێمی كوردستان جێگیر بكات.
فڕۆكەی جۆری (v-22 osprey) فرۆِكەیەكی دروستكراوی ئەمریكایە تەكنەلۆژیایەكی زۆر وردی تێدا بەكارهاتووە و پەروانەكانی توانای گۆڕینی ئاراستەیان هەیە و توانای هەڵسان و نیشتنەوەی ستوونیی وەكو هەلیكۆپتەریان هەیە. ئەو فڕۆکەیە خێراییەكی زۆری لە فڕۆیندا هەیە، یەكەمین فڕۆكەیە بە تەواوەتی لەسەر كۆمپیوتەر دیزاین كرابێت و فڕۆكەیەكی سووكە.
ئیسرائیل یەكەم وڵاتە كە فڕۆكەی (v-22 osprey)ی لە ئەمریكای هاوپەیمانی لە ساڵی 2013 دەستكەوت.
هەڵگورد حیكمەت دەشڵێت" ئەو فڕۆكانەی دەهێنرێنە هەولێر وڵاتانی هاوپەیمانان كە نزیكەی 60 وڵات دەبن بۆ خۆیان دەزانن بۆ چی مەبەستێك بەكاری دەهێنن و بە ئەركی دیاریكراوی بیخەنە خزمەت هاوپەیمانی دژ بە داعش".
بەرپرسەكەی وەزارەتی پێشمەرگە لە درێژەی قسەكانیدا ئەوەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوت كە لە هەرێمی كوردستانەوە هیچ فڕۆكەیەك بۆ لێدانی داعش هەڵناستێت.
لەبارەی دوایین هاریكاری سەربازیی ئەمریكا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان كە بەم دواییانە راگەیەنرا نزیكەی 250 ئۆتۆمبیلی سەربازیی(ناقلە اشخاص)ی گەیاندووەتە عێراق، بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئانادۆڵو گوتی" لە چوارچێوەی هاریكارییەكانی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بۆ عێراق كە خۆی لە 250 ئۆتۆمبیلی سەربازی(ناقلە اشخاص) دەبینێتەوە بڕی 25 دانەیان گەیشتووەتە وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام ئێمە تێبینیمان لەسەر ئەو بڕە هەبوو و چاوەڕوانمان نەدەكرد ئەوەندە بێت، چاوەڕوانی زیاتر بووین".
لەبارەی ئەو وڵاتانەشەوە كە راوێژكاری سەربازییان لە هەرێم هەیە گوتی هەشت وڵاتن و لە سەرەتای ئەمساڵەوە هاتنی ئەو راوێژكار و مەشقكارانە پتر بووە و بەردەوامن لە راهێنانی هێزەكانی پێشمەرگە.
هەڵگورد حیكمەت لە كۆتایی قسەكانیدا لە بارەی ئەو وڵاتانەی كە چاوەڕێ دەكرێت هاریكاریی سەربازیی بگەیەننە هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە بەدیاریكراوی گوتی "چاوەڕوانیمان وایە لە دوای كۆنفڕانسی ئاسایشی جیهانی كە ئەم هەفتەیە لە میونخی ئەڵمانیا بەسترا و بەشداریكردنی سەرۆكی هەرێم تێیدا هاریكارییە سەربازییەكان و میكانیزمەكانییان لە جاران خێراتر بێت، ئەڵمانیاش رایگەیاندووە كە چەكی دیكە بۆ هەرێم دەنێرێت".