کەرکووک
دوای ئەوەی بۆ ماوەی سێ مانگ بەهۆكاری ئەمنی، رێگەی سەرەكی كەركووك - بەغداد بەرووی هاتوچۆدا داخرابوو، ئەمڕۆ، رێگە بە ئۆتۆمبێلەكان درا كە جارێكی تر ئەو رێگەیە بەكاربهێننەوە.
پارێزگاری كەركووك، نەجمەدین كەریم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا مژدەی ئەوەی دا بە هاووڵاتییان كە رێگەی سەرەكی نێوان كەركووك و بەغداد كراوەتەوە، ئەوایش دوای ئەوەی بۆ ماوەی سێ مانگ بەهۆكاری ئەمنی، رێگەكە بە رووی هاتوچۆدا داخرابوو .
دكتۆر نەجمەدین ئاماژەی بەوەدا كە ماوەیەكی زۆربوو، خەلكی هەولێر و كەركووك كاروبارەكانیان كەڵەكە ببوو، بۆیە لە ئێستادا ئەو رێگەیە كراوەتەوە و هەموو كەس دەتوانێت هاموشۆی پێوە بكات.
قایمقامی قەزای دوزخورماتو شەلال عەبدول لەلێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا كە شەوی رابردوو لەلایەن حكوومەتی عێراقیەوە بڕیاری كردنەوەی ڕێگاكەیان ئاراستە كراوە، هەربۆیە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ رێگاكە بەرووی ئۆتۆمبێلەكاندا كرایەوە. بەڵام تائێستا تەنیا هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی تەكسی و تایبەتی و نەفەر هەڵگر، رێگەی پێدراوە و چارەنووسی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرەكان دیار نییە . لە ئێستادا هێزەكانی حەشدی شەعبی پارێزگاری لە رێگاكە دەكەن .