هەڵەبجە
بە گوتەی گوتەبێژی کۆبوونەوەکەش، لە کۆبوونەوەی 15ی مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا تەواوی پۆستەکانی دیکەش یەکلادەکرێنەوە و پێکەوە هەموو وردەکارییەکان رادەگەیەنن.
گوتەبێژی کۆبوونەوەی حزبە سیاسییەکانی هەڵەبجە کامیل مەحمود لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند لە درێژەی ئەو کۆبوونەوانەی لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بۆ داڕشتنی پەیکەری ئیداری و ئەنجومەنی کاتیی پارێزگای هەڵەبجە لە لایەن حزبە سیاسییەکانی شارەکەوە ئەنجامدراون، لەگەڵ کۆبوونەوەی ئەمڕۆش گەیشتوونەتە دەرەنجامێکی ئەوتۆ کە مایەی دڵخۆشی و رەزامەندی هەموولایەکیانە و هەنگاوی باشیان بڕیوە.
ناوبراو کە بە نوێنەرایەتی بزووتنەوەی ئیسلامیی بەشداری کۆبوونەوەکەی کردبوو گوتی: :زۆربەى پۆستەکانی پارێزگاکەمان یەکلاکردەوە بە جۆرێک پۆستەکانی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و پۆستی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ناو دیوانی پارێزگامان یەکلاکردووەتەوە کە بۆ چ حزبێک دەبن، رێکیشکەوتووین لەسەر چۆنییەتی دابەشکردنی کورسییەکانی ئەنجومەنە کاتییەکە کە دابەشکردنی 25 کورسی ئەنجومەنەکەیە بەسەر نۆ حزبەکەی هەڵەبجەدا، بەڵام هەنگاوێکی دیکەمان ماوە کە دابەشکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکانی خوارەوەیە کە هەڵگیراون بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی رۆژی 15ی مانگی داهاتوو، تا هەرهەمووی پێکەوە لەیەک کاتدا و پێکەوە بە تەواوی وردەکارییەکانەوە بڵاودەکەینەوە."
مەحمود لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: "ئەوەی جێی دڵخۆشییە، ئێمە تا ئێستا 70%ی دابەشکردنی پۆستەکانمان یەکلاکردووەتەوە، لەسەروو هەموویەوە کە ئەنجومەنی کاتیی پارێزگایە و پێویستە ئەنجومەنێک هەبێ کە رەنگدانەوەی هەموو لایەکمان بێ و ئێمەش ئەوەمانکردووە، کورسییەکانی ئەنجومەنەکەمان بە جۆرێک دابەشکردووە کە هەر حزبێک بوونی هەبووە لە هەڵەبجەدا بێبەش نەکراوە و نەخراوەتە دەرەوەی رێککەوتنەکان، بۆ ئەوەی نموونەیەکی جوان پێشکەش بکەین."
راشیگەیاند: "ئێمە ئەم کۆبوونەوەیەمان بەنیمچە کراوەیی هێشتووەتەوە تا کۆبوونەوەی 15ی مانگی داهاتوو، تا تەواوی پۆستەکان یەکلادەکرێنەوە و دواتر دەرەنجام و رێککەوتنە تەوافوقییەکان بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزدەکەینەوە."
بە گوێرەی ئەو زانیاریانە کە پەیامنێری ئاژانسی ئەنادۆڵۆ لەناو کۆبوونەوەکەوە دەستیکەوتووە، کورسییەکانی ئەنجومەنی کاتیی پارێزگای هەڵەبجە بە شێوەیەک دابەشکراون کە چوار کورسی دەدرێتە هەریەکە لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، دوو کورسیش بۆ بزووتنەوەی ئیسلامیی و هەریەکە لە حزبی سۆسیالیست و حزبی شیوعی و حزبی ئایندەش یەکی کورسییەکی ئەنجومەنە کاتییەکەیان پێدەدرێ، هاوکات پۆستی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاش لە نێوان یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕاندا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە تا ئەو کاتەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی یەکلادەکرێتەوە، هەرچی پۆستی جێگرەکانی پارێزگایە جێگری یەکەم بۆ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و جێگری دووەمیش بۆ کۆمەڵی ئیسلامیی و پۆستی قایمقامی قەزای ناوەندیش بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێ.
پێشتریش سکرتێری یاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامانج رەحیم بۆئاژانسی ئەنادۆڵۆ رایگەیاندبوو، هەر رێککەوتنێکی تەوافوقی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەڵەبجە بۆ دانانی پارێزگار و پۆستەکانی پارێزگا بگاتە لای ئەوان، قبوڵیانە و پێی رەزامەندن.
بە گوێرەی ئەنجامی دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی کوردستان، بە جیاوازییەکی کەم هەریەکە لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەنگی یەکەم و دووەم و سێیەمی سنووری پارێزگاکەیان بەدەستهێناوە و دوای ئەوانیش کۆمەڵی ئیسلامیی و پارتی دیموکراتی کوردستان دێن.
رۆژی 13ی ئاداری ئەمساڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی واژووی لەسەر بڕیاری بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە کرد بە سنووری ئیداری قەزاکەیەوە، دواتریش لە 16ی ئاداردا سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی فەرمانی هەرێمیی بۆ بڕیاری بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەرکرد و بەوپێیەش هەڵەبجە لەو بەروارەوە بەپارێزگا دادەنرێ.