سلێمانی
دواجار بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گەیشتنە رێككەوتنی كۆتایی بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە لە نێوانیاندا.
بەپێی رێككەوتنەكە كە وا بڕیارە دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئیمزای كۆتایی بكرێت بۆ دوو ساڵی یەكەم پارێزگاری سلێمانی لای یەكێتی دەبێت و گۆڕانیش سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا وەردەگرێت و بۆ پارێزگای هەڵەبجەش پارێزگار لە گۆڕان دەبێت و سەرۆكی لیژنەی راوێژكاری پارێزگاكەش بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەبێت.لە پۆستەكانی خوارەوەش قایمقامی سلێمانی دەدرێت بە بزوتنەوەی گۆڕان كە ئێستا لای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە و قایمقامەكانی تریش بەپێی ئیستخقاقی هەڵبژاردن دابەشدەكرێت.
ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیانیش یەكێكیان بۆ یەكێتی و ئەوی تریان بۆ گۆڕان دەبێت كە بەپێی زانیارییەكان ئیدارەی گەرمیان بۆ یەكێتی و راپەڕینیش بۆ گۆڕان یەكلا بووەتەوە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكانیش كە دەست ئانادۆڵو كەوتووە لە پارێزگای سلێمانی لە 15 قایمقام گۆڕان شەش و یەكێتیی شەشی بەردەكەوێت و ئەوەی تریش بۆ لایەنەكانی تر دانراوە و بەڕێوەبەرە گشتییەكانیش لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەكۆی 27 بەڕێوەبەر گۆڕان و یەكێتی وەك یەك یەكی 11 بەڕێوەبەریان بەكەوتووە و ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ فراكسیۆنی خزمەت و پارتی دیموكراتی كوردستانە و لەكۆی 48 بەڕێوەبەری ناحیەش یەكێتیی و گۆڕان هەرلایەكیان 18 بەرێوەبەری ناحیەیان بەردەكەوێت.
ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فڕاكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەكرەم شەریف زانیارییەكانی پشتڕاستكردەوە و گوتی "هەرچەندە وردەكاری بابەتەكە لای ئەندامانی لیژنەی دانووستانكار و مەكتەبی سیاسی هەیە بەڵام ئەوەی تا ئێستا بە ئێمە گەیشتووە ئەو پۆستانە بەو جۆرە دابەشكراون و هەموو پۆستەكانی تریش لە قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان و بەڕێوەبەرە گشتییەكان و بەڕێوەبەری فەرمانگە حكوومیەكان، سەرجەمیان بەپێی ڕێژەی دەنگدانی 30ی نیسانی رابردوو دابەشكراونەتەوە و هەوڵیشمان داوە سەرجەم لایەنەكان بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن بەشداربن لەگەڵمان و حكوومەتێكی خۆجێی بنكە فراوان لەسەرجەم پارت و لایەن و پێكهاتەكان پێكبهێنین".
ئەكرەم شەریف گوتیشی "لە رابردوودا فراكسیۆنەكانی تری ناو ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی هەڵوێستیان زۆر بەرپرسیارانە بووە بۆیە مەبدەئیەن رێككەوتوین لەسەر ئەوەی هەرلایەك بەپێی بەركەوتەی خۆی بەپێی ژمارەی دەنگەكانی لە حكوومەتە خۆجێیەكەی سلێمانی بەشدار دەبێت و پۆستی پێدەدرێت".
ئاماژەیدا بەوەش كە هەموو بەڕێوەبەرە گشتییەكان و قایمقام و بەڕێوەبەری فەرمانگەكان، بەڕێوەبەری ناحیەكان یەكلاكراونەتەوە و رێككەوتنی لەسەر كراوە كە كامیان بۆ كێ دەبێت و هەندێك پۆستیش بە بەتاڵی ماوەتەوە تا دواتر و لە گفتوگۆكاندا بدرێت بەو لایەنانەی دەیانەوێت بەشداربن لە حكوومەتی خۆجێی سلێمانی و هەڵەبجەدا.
گوتیشی پێكهاتوین لەگەڵ گۆڕان لە چوار ساڵی ئایندە پێكەوە تەنها سەرگەرمی خزمەتی گشتی بین بۆ كۆمەڵانی خەڵكی پارێزگای هەڵەبجەی شەهید و سلێمانی.ئەكرەم شەریف راشیگەیاند كە "لەگەڵ گۆڕان لەسەر ئەوەش رێككەوتوین گوێ بەهەندێك شتی لابەلا نەدەین تا بتوانین لە چوار ساڵی ئایندە تەنها سەرگەرمی خزمەتی گشتی بین و هیچ شتێكی تر سەرگەرممان نەكات".
بە گوتەی ئەو ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ ڕێككەوتنەكە بۆ دابەشكردن و یەكلا كردنەوەی پۆستەكان ئیمزا دەكرێت و دواتریش بۆ بە یاسایی كردنی رێككەوتنەكە دەنێردرێتە پارێزگای سلێمانی لەوێش دەنگی لەسەر دەدرێ و جێگیر دەكرێ.
خەڵكیشی دڵنیا كردەوە كە رۆژی پێنجشەممە 11ی مانگ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا دەكرێت و هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێ و پارێزگاری نوێش بەدوایدا دەكرێت و بۆ دوو ساڵی سەرەتاش د.ئاسۆ فەرەیدون دەبێتە پارێزگاری سلێمانی لە پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
واش بڕیارە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ وەفدی دانووستانكاری یەكێتی و گۆڕان پێكەوە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دوا ئەنجامەكان و رێككەوتنەكە رابگەیەنن.