Fahrettin İbrahim
24 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 25 ئەیلوول 2019
هەولێر - AA
لەبارەی رووداوەکەی ناو بارەگای لقی هەولێری بەرەی تورکمانی عێراق نێوان چەند کەسێک و پاسەوانەکانی بارەگاکە، پۆلیسی هەولێر یەک کەسی دەستگیرکردووە و بە دوای دەستگیرکردنی کەسەکانی دیکەیشدایە. ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمان عێراق، ئایدین مەعروف جەخت لەوە دەکاتەوە کە رووداوەکە پلان بۆ داڕێژراو نەبووە و دمەقاڵێی نێوان چەند کەسێک بووە.
رووداوەکەی بارەگای لقی هەولێری بەرەی تورکمانی عێراق
پۆلیسی هەولێر رایگەیاند کە بەدوای دەستگیرکردنی کەسەکانی دیکەیشدایە کە بەشداربوون لە پێکهەڵپژانەکەی ناو بارەگای بەرەی تورکمانی عێراق لە هەولێر و رێکاری یاسایی لەبارەی رووداوەکە گیراوەتە بەر.
نووسینگەی راگەیاندنی لقی هەولێری بەرەی تورکمانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە "کاتژمێر ٠١:٣٠ی ٢٣ی ئەیلوول ٢٠١٩ ژمارەیەک چەکداری نەناسراو کە ژمارەیان پێنج کەس بوو، هەڵیانکوتایە سەر لقی هەولێری بارەگای بەرەی تورکمانی عێراقی و پەلاماری پاسەوانانی بارەگاکەیان داوە. ئێمە بەتوندی ئیدانەی ئەم کارە ترستنۆکانەیە دەکەین".
لقی هەولێری بەرەی تورکمانی عێراق لە بەیاننامەکەدا داوای لە دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر کردووە بەزووترین کات ئەنجامدەرانی ئەو کارە بدۆزنەوە و رادەستی دادگایان بکەن تاوەکو سزای تاوانەکەیان وەربگرن.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی لە تۆماری کامێراکانی بارەگای لقی هەولێری بەرەی تورکمانی عێراق دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، وردەکاری و چۆنییەتی رووداوەکە بەم شێوەیە بووە:
"کاتژمێر ٢٣:٥٤ی ٢٢ی ئەیلوول ٢٠١٩ کەسێک بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا تاکسی لە بارەگای لقی هەولێری بەرەی تورکمانی عێراق نزیک دەبێتەوە و ویستوویەتی لەسەر شەقام دەست بە ئاو بگەیەنێت کە رووبەڕووی ناڕەزایەتی پاسەوانان و چەند ئەندامێکی بەرەی تورکمانی دەبێتەوە و دەمەقاڵێ دێتە ئاراوە. کەسەکە بە دەست ئاماژە بەوە دەکات کە بە هۆی ژانی گورچیلەکانی ناچارە دەست بە ئاو بگەیەنێت، بەڵام پاسەوانەکان رێگەی پێ نادەن و دوای مشتومڕێک کە حەوت خولەک دەخایەنێت، شۆفێری تاکسییەکە شوێنەکە بەجێ دەهێڵێت و کاتژمێر ٠٠:٣٩ی ٢٣ی ئەیلوول ٢٠١٩ واتە نزیک بە ٤٠ خولەک دوای مشتومڕەکە جارێکی دیکە شۆفێری تاکسییەکە لەگەڵ کەسێکی دیکە دێنەوە شوێنەکە و ئەمجارە دەمەقاڵییەکە بۆ شەڕی نێوانیان دەگۆڕێت و دیسانەوە شۆفیر تەکسییەکە و کەسەکەی هاوڕێی شوێنەکە بەجێ دەهێڵن. رووداوەکە کاتژمێر ٠١:٠٩ پەرەدەستێنێت، کاتێک چوار چەکدار دێنە ناو بارەگاکە و دەچنە ژوورەوە و لە پاسەوانان و ئەو کەسانە دەدەن کە لە شوێنەکەن و پاشان بارەگەی بەرەی تورکمانی بەجێ دێڵن".
ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی عێراقی، ئایدن مەعروف گوتی: "ئێمە وەکو بەرەی تورکمانی عێراقی ھەر چەندە رووداوەکان سیاسیش نەبن و بەرنامە بۆ دارێژراویش نەبن، بەڵام ھاتنیان بۆ ناو باڵەخانەی بەرەی تورکمانی عێراقی دەستدرێژییە و مایەی قبووڵکردن نییە. بەم ھۆیەوە ئیدانەی ئەو جۆرە کارانە دەکەین. داوا لە ھێزە ئەمنییەکان دەکەین کە بەزووترین کات ئەو کەسانە دەستگیر بکەن".