ئەنقەرە
روحانی لە وتارێکیدا لەژێر ناونیشانی "بۆچی ئێران داوای بەڵێنی بنیاتنەر دەکا" و لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاوکراوەتەوە، رایگەیاند بایەخدانی بە نزیکبوونی "ھۆشیارانە و ھیوا"ی گەلی ئێران لە مەسەلە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لە ھەڵبژاردنەکاندا چانسی سەرکەوتنی بۆ مسۆگەر کردووە.
روحانی ئاماژەی بەوەدا، بەڵێنی بە گەلی ئێران داوە کاریگەرییەکی بنیاتنەرانەی لەگەڵ دنیادا ھەبێ، ئەو لەسەر بەڵێنی خۆیەتی و کاری بۆ دەکات و گوتی "دنیا گۆڕا. لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا چیتر پرەنسیپی (ژێرکەوتنی لایەنێک و سەرکەوتنی لایەنەکەی دیکەیە) جێگەی باس نییە. لە بری ئەوە زۆربەی کاتەکان ناوەندی کاری ھاوبەش و کێبڕکێیە لە یەک کاتدا. سەردەمی تۆڵەسەندنەوە کۆتایی پێ ھاتووە. چاوەڕوان دەکرێ سەرۆکانی جیھانیش ھەڕەشەکان بۆ قۆستنەوەی ھەل بگۆڕن.
روحانی گوتی، دەبێ بایەخێکی تایبەت بەبابەتی ناسنامە بدرێ کە ھێزی پاڵنەری گرژییەکانە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا "شەڕە مەترسیدارەکانی عێراق، ئەفغانستان و سوریا لە راستیدا بەھۆی سروشتی ناسنامەی ئەم وڵاتانە و رۆڵیان لە ناوچەکە و دنیادا سەریان ھەڵداوە. ناوەندبوونی ناسنامە تەنانەت گەیشتووەتە بەرنامە ئاشتەواییەکەی وزەی ئەتۆمیی وڵاتەکەمان. لە دیدی ئێمەدا دەستەبەرکردنی سووتەمەنیی ئەتۆمی و بەرھەمھێنانی وزەی ئەتۆمی پەیوەندی بەخواستی ھەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی وزەی وڵات و بەرزراگرتنی پێگەی ئێرانییەکان لە جیھاندا ھەیە".
"بەبێ تێگەیشتن لە رۆڵی ناسنامە، زۆربەی ئەو کێشانەی لە ناوچەکەدا ڕووبەڕوویان دەبینەوە بەبێ چارەسەر دەمێننەوە".
روحانی بەردەوام دەبێ و دەڵێ "سەرەتا ئەگەر کێشەکە سوریا بێت یان بەحرەین، بۆ بەرپاکردنی دیالۆگی نیشتمانی پێویستە بەشێوەیەکی بنیاتنەرانە دەستی یەکتر بگرین. پێویستە کەشێک بخوڵقێنین گەلانی ناوچەکە دوارۆژی خۆیان دەستنیشان بکەن. لە چوارچێوەی ئەم ئامانجەدا ئامادەین بۆ ھەموو ھەوڵێک لەپێناو رەخساندنی دەرفەتی دیالۆگ لە نێوان حکوومەتی سوریا و ئۆپۆزسیۆن. خاڵی دووەمیش چارەسەرکردنی ئەو نایەکسانی و بێنەوبردەیەیە کە دەبێتە ھۆی سەرھەڵدانی ئاڵۆزی و توندوتیژییەکان".
دەبێت گفتوگۆی ئەو شتانە بکەین کە دەمانەوێ، نەک ئەو شتانەی نامانەوێ.
روحانی ئاماژەی دا، وڵاتانی دنیا تا ئێستا بەگفتوگۆکردن لەسەر ئەو شتانەی نایانەوێ، لەبری گفتوگۆکردن لەسەر ئەو شتانەی دەیانەوێ، کاتێکی زۆریان بەفیڕۆ داوە. ئەمە دۆخێک نییە بەند بێ بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئیرانەوە. لە ناوەندێکدا کە سیاسەتی دەرەکی راستەوخۆ کاریگەری لەسەر سیاسەتی ناوخۆیی دەکا، بەبیرکردنەوە لەو شتانەی نایانەوێ، ھەوڵ دەدەن بەئاسانی خۆیان دەرباز بکەن لەو ناڕونییەی بەئاسانی چارەسەر ناکرێ. کەچی لە راستیدا راگەیاندنی ئەو شتەی دەتەوێ، پێویستی بەبوێرییەکی زیاتر ھەیە. بۆ نمونە ھەموو لایەنەکان دیارە چییان لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێمە ناوێ. ھەمان فاکتەر بەشێوەیەکی ئاشکرا لە مەسەلەی سوریاشدا دەبینرێ. ئەم نزیکبوونە لەوانەیە سوودبەخش بێت بۆ رێگەگرتن لە وەرچەرخانی لێک نەگەیشتنێکی سارد بۆ شەڕ و پێکدانێکی گەرم. بابەتەکە پەیوەندیەکانی سوریا بێ، یان بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، یان پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا، بەردەوام دەبێ ھەوڵ بۆ بەدەستھێنانی شتی زیاتر بدەین. لە بری ئەوەی چەقی بیرکرنەوەکان لەسەر ئەوە بێ چۆن رووداوەکان بەئاراستەیەکی خراپتر نەڕۆن، پێویستە پێکەوە بیر بکەینەوە و گفتوگۆ بکەین بۆ ئەوەی بزانین دەتوانین چی بکەین تا ھەموو شتەکان باشتر بن. بۆ سەرخستنی ئەمەش تەنیا پێویستیمان بە کۆکردنەوەی بوێریمانە، تا بتوانین بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا بڵێین ئێمە چیمان دەوێت. ئەمەیە گەوھەری نزیکبوونی کارتێکردنی بنیاتنەرانە".
روحانی کە بەمەبەستی بەشداربوون لە کۆبوونەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان دەچێتە نیویۆرک، داوای لە ھاوتاکانی کرد کە سوود لەو دەرفەتەی ھەڵبژاردنەکانی ئێران ھێناویەتە ئاراوە، وەربگرن.