سلێمانی
لە مەراسیمێكدا لە پاركی هەواری شار لە سلێمانی بە ئامادەبوونی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی پێشوی عێراق و وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێم و پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەك لە كەسوكاری شەهیدان 1100 نەمام بۆ روحی 1100 شەهیدی كوردستان چێندرا كە لە شەڕی دژ بە داعشدا شەهید بوون.
مەراسیمەكە لەلایەن ڕَكخراوی ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشنەوە سازكرابوو كە لە رۆژی بەخشینی خەڵاتی بلەدا بڕیاری لێدرابوو.شاناز ئیبراهیم ئەحمەد سكرتێری رێكخراوەكە لە ووتەیەكیدا كە لە مەراسیمەكەدا پێشكەشی كرد گوتی: "رێكخراوەكەمان وەك رێزێك بۆ بەزیندوو هێشتنەوەی ناوی شەهیدانی نەمری كوردستان شەڕی نەگریسی داعش هەستا بەم مەراسیمە و ناشتنی 1100 نەمام كە بە ژمارەی پێشمەرگە شەهیدەكانی كوردستان نەمامەكان چێندراون. ناشتنی ئەم نەمامانە تەنها بۆ یادكردنەوەی ئەو شەهیدانە نییە لە ئێستادا بەڵكو بۆ بە گەورەیی و زیندوو هێشتنەوەی ناوی گەورەی ئەو شەهیدانەیە بۆ نەوەكانی داهاتوو كە بە خوێنی گەشی خۆیان دەستكەوتەكان و ئازادی ئەم خاكەیان پاراست.بەهیواین لە ئایندەدا ئەم شوێنە ببێتە رەمزی گەورەیی ئەو شەهیدانە و هەر رێبوارێك كە بێرەدا تێپەڕدەبێت سەری ڕێز بۆ سێبەری ئەم دارانە دانەوێنێت".
راشیگەیاند پڕۆژەی داهاتووی رێكخراوەكەیان دروستكردنی مۆنۆمێنتێكە هەر لێرە و لە پاركی هەواری شار بۆ شەهیدانی شەڕی داعش تا بەو كارانە هەوڵبدەین ناوی ئەو شەهیدانە بۆ هەمیشە بە زیندوویی بمێنێتەوە.
دواتر پارێزگاری سلێمانی دكتۆر ئاسۆ فەرەیدون ووتەیەكی پێشكەشكرد و تیایدا گوتی: "وەك پارێزگای سلێمانی لە هەست كردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر گیانی پاكی شەهیدانی كورد و كوردستان بە تایبەتی شەهیدانی شەڕی نەگریسی داعش و بە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی وەك ئیدارەی سلێمانی بەرامبەر بە رووبەری سەوزایی و پاراستنی ژینگە هەردوو زیندوویەتی سەوزایی و شەهیدانی نەمری كوردستانمان بەیەكەوە بەستۆتەوە".
گوتیشی: "بیرۆكەی پڕۆژەكە بیرۆكەی ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن بوو لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا كارمان لەسەر كرد و ئەم شوێنەمان تەرخانكرد كە یەكێكە لە شوێنە بەرزەكانی شار و لە پاركی هەواری شاردا بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی كوردستان".
ئاماژەیدا بەوەش كە پاراستنی ژینگە و رووبەری سەوزایی پەیوەندیەكی بەهێزی هەیە بە ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە بۆیە ئەركی هەموومانە بۆ دابین كردنی ژینگەیەكی خاوێن پارێزگاری لە رووبەرە سەوزاییەكان بكەین و زیادیان بكەین.
لە كۆتایشدا وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان مەحمودی حاجی ساڵح لە ووتەیەكدا گوتی: "ئەم پڕۆژەیە كارێكی گرنگ و نیشتمانی و نەتەوەییە و ناشتنی ئەو نەمامانە و ئەو جۆرە بەسەركردنەوەیە گەورەترین سەروەریە بۆ ئێمە وەك وەزارەتی شەهیدان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان".
گوتیشی: "لە داهاتوودا ناوی هەریەك لەو شەهیدانە لە دارەكان دەدەین بۆ ئەوەی سەوزی ئەو نەمامانە باڵابكات و سەروەری گەل و نەتەوەكەمان لە سەوزی و سەربڵندی ئەو نەمامانەدا ببینرێتەوە".