نەینەوا
سێ سەربازگەکەی مەشق لە قەزای مەخموور و ناحیەی بەعشیقە و ناوچەی شێخان کراونەوە و بەگوتەی بەرپرسانی سەربازگانە، مەزندە دەکرێت، ژمارەی خۆبەخشان و پۆلیس و سەربازەکانیان گەیشتبێتە نزیکەی پازدە هەزار چەکدار و تەنیا لە سەربازگەی بەعشیقە کە گەورەترین سەربازگەیانە، حەوت هەزار و 500 چەکدار لەخۆ دەگرێت.
دەمێکە بەرپرسانی عێراق لەسەر ئاستی باڵا ئاماژەیان بە زوو رزگارکردنی شاری مووسڵ دا، بەڵام قسە و کردار وەک یەک نابینرێن و سەربازگەکان کە بەشی شێریان ئەرکی رزگارکردنەوەی مووسڵ پێدراوە، بەهۆی کۆمەڵێک کێشەی سیاسی و ئیداری بارودۆخیان تێکچووە و بەغدا مووچەی چوار مانگی بڕیون و بەشێک لە سەربازی سەربازگەکان رۆیشتوون.
ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازییەکانی ئەو سەربازگانە پێیان وایە دوورخستنەوەی پارێزگاری نەینەوا ئەسیل نوجێفی کە سەرپەرشتیار و پشتوانی راستەوخۆی سەربازگەکان بوو، کاریگەری زۆری بەسەر سەربازگاکان لێکەوتووەتەوە و ئەوان بوونەتە قوربانی شەڕی سیاسی و تائیفی لە عێراق.
فەرماندەی سەربازگەی بەعشیقە و بەڕێوەبەری پۆلیسی مووسڵ لیوا روكن خالید حەمدانی لەدیدارێکی تایبەتی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو رەتیکردەوە بڕیاری گواستنەوەیان دەرکرابێت لەمباریەوە رایگەیاند: "دەنگۆی گواستنەوەی سەربازگەکەمان یان گواستنەوەی ژمارەیەک ئەفسەری دیکە بۆ بنکەی سپایکەر لە تکریت، دوورە لە ڕاستی، هیچ بڕیارێکی لەو جۆرە بەئێمە نەگەیشتووە.
سەبارەت بەدوور خستنەوە پارێزگاری نەینەوا و کاریگەری بەسەر سەربازگەیان حەمدانی گوتی: "ئەو بڕیارە زیانی زۆری بە خەڵکی مووسڵ و دانیشتووانەکەی داوە، چوونکە نوجێفی کەسێکی لێهاتوو و ئەزمووندار بوو، بڕیارەکەی پەرلەمان پەیوەندی بەسیاسەت و عەقلیەتی تائیفییەوە هەبووە و لە قازانجی خەڵکی مووسڵ نەبووە".
فەرماندەی سەربازگەی بەعشیقە زیاتر گوتی: "هەرچەندە چوار مانگە مووچەی سەربازگەکەمان لەلایەن بەغداوە بڕاوە و سەربازگەکەمان تووشی قەیرانی دارایی بووتەوە، بەڵام ئەوان لە مەشقکردن و خۆ ئامادەکردن بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ بەردەوامن و ورەیان بەرزە".
بۆ بوونی پەیوەندی نزیکی لە گەڵ پارێزگاری لەسەرکار لادراوی نەینەوا ئەسیل نوجێفی، حەمدانی گوتی: "ئەم دەنگۆیانە کەهەندیك پەرلەمانتار باسی لێوەدەکەن دوورن لەراستی بەداخەوە ئەم جۆرە پەرلەمانتارانە وڵاتیان وێران کرد، من سەر بەهیچ کەس و لایەنێک نیم و ئێمە سەربە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری عێراقین و هەر بڕیارێک بێت لەلایەن ئەوانەوە جێبەجێی دەکەین".
بۆ ئەگەری دواکەتنی پرۆسەی رزگار کردنی مووسڵ فەرماندەی سەربازگەی بەعشیقە خالید حەمدانی گوتی: "هەندێک گرفت هەن پێویستە زوو جێبەجێ بکرێن و بۆیە ناتوانین بڵێن ئەو پرۆسەیە کەی دەست پێدەکات و یان تاکەی دوا دەکەوێت، بڕیارەکە بۆ سەرووی خۆمان دەگەڕێتەوە، بەڵام ئێمە دەخوازین زوو شارەکەمان لە دەستی تیرۆریستانی داعش رزگار بکەین و بگەڕێینەوە".
حەمدانی هەروەها گوتیشی: "بەشداری هێز و لایەنەکانی دیکە، بۆ رزگارکردنەوەی شارەکەیان کارێکی باش بەڵام بەمەرجێک پێویستە خەڵکی مووسڵ سەرپەرشتی پرۆسەکە بکات و بەبێ بەشداریان شکستخواردوو دەبێت".
بەگوتەی ژمارەیەک لە ئەفسەرانی باڵای سەربازگەی بەعشیقە کە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دووان و نەیانویست ناویان بڵاو بکرێتەوە، رزگارکردنەوەی مووسڵ لەئێستادا بووەتە خەون، ئەوان پێیان وایە، بەهۆی ئەوەی رووبەڕووی قەیرانی دارایی بوونەتەوە و چەک و تەقەمەنی پێویستیان لە بەردەست نییە، ناتوانن مووسڵ رزگار بکەن.
پێشیان وایە، حکوومەتی عێراق بەئەنقسەت پارە و چەکیان پێنادات و دەخوازێت لەجیاتی خەڵکی مووسڵ، حەشدی شەعبی بەرپرسیارەتی رزگارکردنی شارەکە بگرێتە ئەستۆ و ئەو هێزانەی کەسەرکردەکانی سوننە بەڕێوەی دەبەن، بێهێز و پەراوێز بخرێن.
ئەفسەرێک بەپلەی رائید کە سوننە مەزهەب بوو و خەڵکی سەنتەری شاری مووسڵە، گوتی: "زانیاری ئەوەمان پێگەیشتووە حکوومەتی عێراق بەنیازە پلەدارەکانی سەربازگەکەمان کەگشتیان خەڵکی مووسڵن و سوننەن، بگوازێتەوە بنکەی سپایکەر لە تکریت. ئێمەش هەر هەموومان گەیشتووینەتە ئە بڕوایە کە پێویستە بڕیارێکی لەو جۆرە رەتبکەینەوە و پابەندی بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق نەبین".
لەلایەکی دیکەوە ئەدیب عەلی پۆلیس لە سەربازگەی بەعشیقە بەئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "سەربازگەکەمان رووبەرووی دەیان گرفت بووەتەوە، مووچە نییە، چەک نییە و بندیواری زۆر هەیە، هەرچی شیعە بوون و لەو سەربازگەیە مەشقیان دەکرد، نەمان و رۆیشتوون و وازیانهێنا، نێوەی ئەو ژمارەیەش کە بەرپرسەکان بۆ میدیاکان باسی لێوە دەکەن گوایە نزیکەی هەشت هەزار سەرباز هەیە، راست نییە".
پۆلیسێکی دیکە سەربازگەکە کە ناوی عارف عەبدولسەلام و زۆر بەپەرۆشبوو قسە بکات بۆ ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە دەمانەوێت شارەکەمان رزگار بکەین و ئامادەی شەڕین بەڵام ئێستا ناتوانین ئەوە بکەین چوونکە چەکمان نییە، هەروەها خەمخۆریشمان نییە، کەس ساحێبی ئەو سەربازگەیە نییە. رزگارکردنی شاری مووسڵ لە ئێستادا تەنیا قسەیەکی خۆشە و کاتی زۆری پێویستە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر پێمان بڵێن پێویستە بچینە تکریت لەوێ شەڕی داعش بکەین، زۆرینەمان واز دەهێنین و ئەو بڕیارە جێبەجێ ناکەین، چوونکە لەلای زۆربەی ئێمە مانانەوە چەکدارانی داعش و حەشدی شەعبی لە ئەنجامدانی تاوان دژ بە مرۆڤایەتی جیاوازیان نییە".