ئیستەنبۆڵ
لە راپۆرتێکدا کە لەلایەن ٥٤ پزیشکی ناوداری جیھانی ئامادەکراوە و ھەر یەک لە پرۆفیسۆر و دکتۆر شەبنەم کۆرور فینجانجی سەرۆکی وەقفی مافی مرۆڤی تورکیا و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری رێکخراوی پسپۆرانی پزیشکی دادوەری تورکیا و دکتۆر کەرەم کنک سەرۆکی دکتۆرانی رووی زەوی لە تورکیا تێدا بەشدارن، داوا کراوە رێگە لەبەردەم رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی پسپۆڕ لە بواری تەندروستی بکرێتەوە، بۆ ئەوەی سەردانی ناوچەکە بکەن و چارەسەری بریندارانی سوریا بکەن.
لە راپۆتەکەدا ھاتووە "سوودمەندبوونی کەسانی مەدەنی لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان یەکجار کەمە. ٣٧%ی نەخۆشخانەکانی سوریا روخاون و ٢٠%یان زیانیان بەرکەوتووە. پێشبینی دەکرێ ٤٦٩ کارمەندی تەندروستی زیندانی کرابن و ١٥ ھەزار پزیشکیش ناچار کرابن ئەو وڵاتە جێ بھێڵن".
بەگوێرەی راپۆرتێک بەرلە دەستپێکردنی شەڕ، لە شاری حەلەب ٥ ھەزار پزیشک ھەبوو، بەڵام ئێستا تەنیا ٣٦ دکتۆری لێ ماوەتەوە.
لە درێژەی راپۆرتەکەدا باس لەوە دەکرێ بەشێوەیەکی بەرنامەدار ھێرش دەکرێتە سەر دەزگا و کارمەندانی تەندروستی، برینداران چارەسەری پێویستیان بۆ ناکرێ، ژنان بەبێ وەرگرتنی ھیچ ھاوکارییەکی پزیشکی منداڵیان دەبێ، بەبێ بەنج نەشتەرگەری بۆ پیاو و ژن و منداڵان دەکرێ. دانیشتوانی سوریا لە بەرامبەر مەترسیی بڵاوبوونەوەی پەتای گرانەتا، سکچوون و رشانەوە بێ پاراستنن. کەمیی پێداویستییە پزیشکییەکان بووەتە ھۆی بڵاوبوونەوەی جۆرێک لە نەخۆشی پێست. لە مانگی حوزەیران لە ناوچەکانی باکوری سوریا پەتای سورێژە تەشەنەی کردووە و لەو ناوچانەشدا کە شەڕ و پێکدادان بەردەوامە، ئەو منداڵانەی لەدایک دەبن نەکوتراون.
ئاماژە بەوەش دراوە مەترسی ئەوە ھەیە کێشەی تەندروستیی سوریا بۆ وڵاتانی دەرەوە بگوێزرێتەوە، ئەو نەخۆشانەش کە بەدەست نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک شێرپەنجەوە دەناڵێنن، ھیچ شوێنێکیان نییە چارەسەریان بۆ بکا.
راپۆرتەکە داوا دەکا رێگە لەبەردەم رێکخراوانی کۆمەڵگای مەدەنی پسپۆڕ لە بواری تەندروستی بکرێتەوە بۆ ئەوەی سەردانی ناوچەکە بکەن و چارەسەری بریندارانی سوریا بکەن.
لە کۆتایی راپۆرتەکەیشدا ھاتووە "پێویستە حکومەتی سوریا، نەخۆشخانە و ئامبولانس و رێکخراوە پزیشکییەکان نەکاتە ئامانج و رێگا بەرێکخراوە تەندروستییەکان بدا چارەسەری پێویست بۆ ھەموو ئەوانە بکەن کە پێویستییان ھەیە. نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە خێرخوازییەکانیش ھاوکاریی پزیشکی بۆ ئەو وڵاتە زیاتر بکەن".