ھەولێر
لەراپۆرتەکەدا باس لەھەردوو لایەنی چاک و خراپی پرۆسەکە دەکات. راپۆرتەکە دەڵێ ئەم ھەڵبژاردنەش بەبەراورد بەھەڵبژاردنی ٢٠٠٩ باش بووە.
راپۆرتی تیمی چاودێریی پارتی ژینگەی سوێد سەرەتا لایەنی چاکی پرۆسەکەی خستۆتەڕوو دەڵێ "پرۆسەی ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بەڕێوە چووە، ھەروەھا ئۆپۆزسیۆنێکی کارا ھەڵبژاردنەکەی گەرم کردبوو، ھەڵبژاردنەکە لە کەشوھەوایەکی ئارامدا بەڕێوە چوو و زۆربەی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان توانیان بە ئازادانە دەنگ بدەن".
لەبارەی لایەنی خراپی پرۆسەکەشەوە راپۆرتەکە دەڵێ "پارتە دەسەڵاتدارەکان پارە و داراییەکی گەورەیان لەبەردەستدا بوو لەکاتێکدا پارتەکانی تر بەھەمان شێوە توانایان نەبوو، بۆیە ھەست بە لاسەنگیەک دەکرا. ھەروەھا پارتەکانی دەسەڵات توانایەکی گەورەی مێدیاییان لەبەردەمدا بوو بۆ گەیاندنی پەیامەکانیان لەکاتێکدا بەرەی ئۆپۆزسیۆن ئەو توانایانەیان نەبوو".
راپۆرتی پارتی ژینگەی سوێد باسی لەوەشکردوە کە پارتەکانی دەسەڵات ھەندێ جار خەریکی کڕینی دەنگ بوون، ئەویش لەڕێی بەڵێندان بە پێدانی زەوی و یەکەی نیشتەجێبوون و شتی تر.
بەگوێرەی راپۆرتی ئەو چاودێرانە تۆماری دەنگدەران نزیکەی ٩٥ ھەزار ناوی دووبارە و کەسانی دەرەوەی ھەرێمی تێدایە، ئەمەش مەترسی ئەوەی لێ دەکرا مایەی ساختەکاری و بەقازانجی پارتەکانی دەسەڵات بشکێتەوە.
قۆناغی رۆژانی دەنگدان
لەبارەی قۆناغی رۆژانی دەنگدانیش راپۆرتەکەی پارتی ژینگەی سەوزی سوێدی ١٤ خاڵی خستۆتەڕوو دەڵێ "ھەڵبژاردنی ٢١ی ئەیلول بەراورد بە ھەڵبژاردنی ٢٠٠٩ ھەنگاوێکی باش بوو، بەڵام تێبینمان زۆرە.
چەند تێبینیەک لەراپۆرتەکەدا:
زۆرکەس دەھات بۆدەنگدان بەھۆی نەبوونی ناویان نەیاندەتوانی دەنگ بدن.
بەھۆی کەمیی بنکەی دەنگدان قەرەباڵغی دەبووە ھۆکارێک دەنگدان کاتێکی زۆر بخایەنێ.
نوێنەری ھەندێ لایەنی سیاسی ھەندێ جار لەنزیک بنکەکانی دەنگدان بانگەشەی ھەڵبژاردنیان دەکرد.
ھەندێ لە بەڕێوەبەرانی بنکەکان فۆڕمی سکاڵایان نەدەدا بەنوێنەری لایەنەکانی تر یاخود بە سەختی دەیاندانێ.
ھەستمان دەکرد کە زۆرلە چاوێرانی قەوارەکان مافەکانی خۆیان نەدەزانی، بۆیە مافیان دەخورا.
لەزۆر لایەنی جیاواز دەمانبیست کە زۆر لە کارمەندانی کۆمیسیۆن سەر بە پارتەکانی دەسەڵاتن.
قۆناغی ژماردنی دەنگدان
راپۆرتەکە باسی لەوە کردوە پرۆسەی ژماردنی دەنگەکان بەخاوی بەڕۆیشت بەشێوەی ئەلیکترۆنی نەبوو.
کارمەندانی کۆمیسیۆنیش ھاوشێوەی یەک کاریان نەدەکرد و ھەریەکەیان لەئاوازێک دەیانخوێند، بۆ نموونە لەبنکەیەک سەرەتا دەنگی ھەموو حزبیەکایان دەژمارد، پاشان دەچوونە سەر دەنگی کاندیدەکان.
ھەربەپێی راپۆرتەکە ھەندێ کات رێگا نەدراوە بە نوێنەری قەوارەکان لەکاتی گواستنەوەی سندوقی دەنگەکاندا چاودێریی گواستنەوە بکەن.
راپۆرتەکەی پارتی ژینگەی سوێد رووداوەکانی ٢٣ی ئەیلول لە سلێمانیشی پشتگوێ نەخستووە و لەوبارەوە دەڵێ: پاش چاودێری و بەدواداچوون بۆمان دەرکەوت کارمەندانی کۆمسیۆن رێگایانن لە چاودێرانی قەوارەکان گرتبوو تاکو رۆژی ٢٣ مانگیش لەنزیکەوە چاودێری ژماردنی دەنگەکان بکەن. بەڵام لە ٢٤ی مانگەوە ئەوە گۆڕا.
ئەوەش خراوەتەڕوو بەدیمانکرد ژمارەی دەنگەکانی ھەندێ لە سندوقەکان گۆڕانی تێدا کرابوو، بۆنمونە لە سندوقێک پارتێکی دەسەڵات ٨٢ دەنگی ھێنابوو کرابوو بە ٢٨٧ دەنگ، بەڵام قەوارەیەکی ئۆپۆزسیۆن دەنگەکانی لە ١٢٢ دەنگەوە کرابوو بە ٢٢ دەنگ.
لەدرێژەی راپۆرتەکەدا باس لەوەش دەکات نوێنەری ھەندێ قەوارە و لە بەرێوەبەری یەک لە چوار بنکەی ئەلبیسەکە زانیاریمان پێدرا کە شەوی ٢٣ی ئەیلول ٣ کەس خەریکی ژماردنی دەنگەکان بوون بەجلوبەرگی کۆمسیۆن، دواتر دەرکەوت ئەوان ئەوکاتە بۆیان نەبوو لەبنکەکە بن ھەرلەبەر ئەوە دەرکرابوون.
تیمیی چاودێری پارتی ژینگەی سوێد ئەوەشیان بینیوە، کە ٢ سندوق لەپێش دەرگای سەرەکی ھۆڵی ئەلبیسەکەبوو زۆر مشتومڕی لەسەر دەکرا، چاودێری ھەندێ لە قەوارەکان نەیاندەھێشت ئەو ٢ سندوقە بێتە ناو ھۆڵەکە، کاتێک لێکۆڵینەوەمان کرد ئەو ٢ سندوقە بێ ھیچ بنەمایەکی فەرمی ھێنرابوون بۆ بەردەم ئەلبیسەکە، ئەمەش گومانی ساختەکاری زیاد کرد.