واشنتۆن
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری گوتی: "زۆربەی زۆری چەکە کیمیاییەکان لە سووریا لە لایەن رژیمەوە بەکار دەھێنرن و سەبری ئێمەش کۆتایی پێھاتووە".
جۆن کیری کۆبوونەوەی رۆژنامەنووسی رۆژانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای سەرپەرەشتی کرد، کێری کە بە ھۆی نەشتەرگەرییەوە کە لە قاچی بۆی کراوە لە رێگای ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە بەشداری لە کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکە کرد وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
کیری لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی بەکارھێنانی گازی کلۆر لە دژی خەڵکی مەدەنی لە سووریا گوتی: "لە سووریا چەکی کیمیایی لە لایەن رژیمەوە بەکار دەھێنرێت و لەوبارەوە پشتڕاستین و دەزانین کە زۆربەی زۆری ئەو ھێرشە کیمیاییانە لە لایەن رژیمەوە ئەنجام دەدرێن و لەو چوارچێوەیەدا بەڵگە و زانیاریمان کۆ کردووەتەوە بەڵام جارجاریش ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و گرووپە چەکدارییەکانیش چەکی کیمیایی بەکار دەھێنن بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ھێرشە کیمیاییەکان لە لایەن رژیمەوە ئەنجام دەدرن و زۆربەی زۆری ئەو ھێرشانەیش وەکو دۆکۆمێنت تۆمار کراون، ھێرشە کیمیاییەکان لە لایەن فڕۆکەکانەوە ئەنجام دراون ئەمە لە کاتێکدایە کە ئۆپۆزسیۆن و گرووپەکانی دیکە خاوەن فڕۆکە و کۆپتەر نین".
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا کە ئایا بۆ رێگریکردن لە بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن رژیمەوە ھیچ ھەنگاوێک نراوە یا نا؟ کیری گوتی: "دوێنێ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا باسی ئەم بابەتەمان کرد و وەزیری دەرەوەی رووسیاش جەختی لەوە کردەوە کە دووبارە لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ رژیمی بەشار ئەسەددا گفتوگۆ دەکات بەڵام ھێرشی ئەو جۆرە نامرۆڤیانەی رژیم بەرامبەر خەڵکی مەدەنی بووەتە ھۆی نەمانی سەبری ھەموومان".
کیری گوتی: "رژیمی ئەسەد ھیچ شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش ناکات کە لە ناوچەکەدا بەھێزبوونە و لە جیاتی ئەمە لە حەلەب ھێرشی سەر خەڵکی مەدەنی دەکات و بۆمبی میسکەت بەکار دەھێنێت، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا لەگەڵ لاڤرۆڤ باسی ئەم شتانەم کرد و ئەم پرسە وردە وردە بووەتە پرسێک کە زیاتر سەرنجی لەسەر بدەین و هەنووکە لە بواری دیپلۆماتیکیدا سەرقاڵی نانی چەند ھەنگاوێکین".
کیری گوتی: "رژیمی ئەسەد کۆتایی بە ھێرشە کیمیاییەکانی خۆی نەھێناوە و ئەمەش بووەتە ھۆی تووڕە بوونی یەکجارەکی کۆمەڵگەی جیھانی لە بەشار ئەسەد".
لەبارەی دانوستانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانیش وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "دانوستانەکان درێژەیان ھەیە و ھەڵوێستی ئێمە بەرامبەر بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران نەگۆڕاوە و دانوستانەکان بەو پەڕی جدییەتەوە بەردەوامن و ھەوڵ بۆ گەیشتن بە رێککەوتن دەدەین. کێری لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا لەبارەی بواری سەربازیی بەرنامەی ئەتۆمی ئێراندا گوتی: "بە بەرپرسیار زانینی ئێران لە بەرامبەر ئەو شتانەی کە لە رابردوودا لەو چوارچێوەیەدا ئەنجامداون بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی پێویست ناکات، دەزانین لە رابردوودا چی کردووە و ھیچ شک و گۆمانمان لەو بارەوە نییە و بەڵگە و زانیاری پێویستمان لەبارەی چالاکی سەربازیی ئێرانەوە لە رابردوودا ھەیە بەڵام هەنووکە ئەوەی گرنگی پێ دەدەین بەرەو پێشەوەچوون لە بواری گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتاییە".
ھەر لەو کۆنگرە رۆژنامەنووسییەدا پرسیاری لێدوانەکانی سەرۆکی رووسیا ڤیلادیمیر پوتین-یش کرا کە گوتبووی بەنیازە ٤٠ مووشەکەی درێژمەودای دیکەی ئەتۆمی بخاتە خزمەتی سوپایەوە، و لەو بارەیەوە کیری گوتی: "ئەو ھەنگاوەی رووسیا جێگای نیگەرانی ئێمەیە و بۆ لە ناوبردنی چەکە کیمیاییەکانی یەکێتیی سۆڤییەت ئێمە ھاوکاری و ھەماھەنگیمان لەگەڵ رووسیادا کردووە و لەو بارەوە نامانەوێت ببینین کە کەس پاشەکەشەی کردووە".
کیری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی رێککەوتنی ستارتی لە نێوان رووسیا و ئەمریکادا کرد، ئێمە ھەوڵ دەدەن کە ھانی رووسیا بۆ لە ناوبردنی چەکە کیمیاییەکان بدەین و نامانەوێت کەس لەو بارەوە پاشەکەشە بکات و کەسیش نایەوێت بگەڕێتەوە بە قۆناغی سەردەمی شەڕی سارد و نابێت کەس لە سەرۆکی ھیچ وڵاتێکی بەھێز ھیچ جۆرە لێدوانێکی بەو جۆرە ببیستێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری لەبارەی قەیرانی ئوکرایناشەوە گوتی: "گرووپی دیداری سێ قۆڵی کە بۆ کۆتایی ھێنان بە ئاڵۆزییەکانی رۆژھەڵاتی ئوکراینا دامەزراوە، بەم رۆژانەی دوایی زۆر چالاکانە کە پێشتر وێنەی نەبووە ھەوڵی داوە و دیداری زۆر گرنگی ئەنجامداوە و بۆ جێبەجێ کردنی رێککەوتنی مینسک کار و چالاکییەکانی ئەم لێژنە سێ قۆڵییە زۆر گرنگە و لە رۆژانی داھاتوویشدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڤیتکۆریا نولاند سەردانی ناوچەکە دەکات".