تاران
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس ئەراقچی سەبارەت بە دیدارەکانی وڵاتانی ٥+١ لەگەڵ ئێران و ئەنجامەکانی پێش کۆبوونەوەی دووقۆڵی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە جنێڤ گوتی: "ئەگەر رێککەوتنی کۆتایی دەستەبەر نەکرێ، وادەی رێککەوتنی جنێڤ بۆ شەش مانگ درێژ دەکرێتەوە."
ئەراقچی لە لێدوانەکەی سەبارەت بە دیدارەکانی بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکەی گوتی: "لە دیدارەکانی ١٦-٢٠ی حوزەیرانی خولی پێنجەم بۆ دەستپێکردن بە بڕیارنامەی کۆتایی رێککەوتن، هیوادارین ئەنجامی کۆتایی لەو رێککەوتنە شەش مانگییە بەدەست بھێنین، بەڵام ئەگەر ئەوە دەستەبەر نەکرێ، بۆ درێژە پێدان بە دیدارەکان لەوانەیە رێککەوتنی جنێڤ بۆ شەش مانگ درێژبکەینەوە."
لە گوتەکانیدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژە بە زوویی کات بۆ قسەکردن لەبارەی درێژکردنەوەی رێککەوتنەکە کرد و گوتی: "ئومێد ھەیە بۆ ئەنجامی کۆتایی بەر لە کۆتایی رێککەوتنەکە."
ئەمریکا و ئێران بۆ تاوتوێکردن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە جنێڤی پایتەختی سویسرا کۆبوونەوەی دووقۆڵی ئەنجام دەدەن. لە دیدارەکەدا ھەریەک لە جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس ئەراقچی وەک نوێنەری ئێران و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ویلیام بۆرنس وەک نوێنەری ئەمریکا و شاندی یاوەری لایەنەکان ئامادە بوون.
رێککەوتنی جنێڤ لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٣ تا مانگی تەمووزی ٢٠١٤ لە نێوان وڵاتانی ٥+١ و ئێران بۆ گەستین بە ئەنجامی کۆتایی دیدارەکانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران ئیمزا کراوە.