سلێمانی
هەر یەک لە پەرلەمانتارانی کوردی تورکیا لەیلا زانا و سڕی سورەیا ئۆندەر، سەردانی سەرکۆماری عێراق و سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان جەلال تاڵەبانییان کرد و بەپێێ ئەو زانیارییانەی کە کەناڵی کوردسات بڵاوی کردووەتەوە، زانا پەیامی سەرکردەی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان عەبدولڵا ئۆجەلانی گەیاندووەتە تاڵەبانی.
لە سەردانەکەدا نوێنەری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە تورکیا، بەهرۆز گەڵاڵی ئامادە بوو.
لە نامەکەدا بۆ تاڵەبانی، ئۆجەلان دەڵێ: "نەخۆشکەوتنی جەنابتان زۆر خەمباری کردبووم، دوایین جاریش لەگەڵ پەرلەمانتاری ئامەد لەیلا زانا و پەرلەمانتاری هەدەپە سڕی سورەیا ئۆندەر چاوپێکەوتنم ئەنجام دا ئاگاداری بەرەوباشچوونی رەوشی تەندروستی بەڕێزتان بووم."
ئۆجەڵان لە درێژەی پەیامەکەیدا گوتویەتی: "ئەو خەباتە دێبلۆماسییەی کە بەڕێزتان تا ئێستا لە نێوان ئێمە و دراوسێکانماندا بەڕێوەتان بردووە، ئەمڕۆ بۆ ناوخۆی ئێمەی کورد پێویستە و مێژوو جوڵانەوە سیاسییەکانی ھەر چوار پارچەی کوردستان ھاندەدا بۆ ئەوەی لە پێناو داھاتوویەکی ئازاد بۆ گەلەکەمان پێکەوە کار و خەبات بکەن، ھیواو ئارەزووم ئەوەیە کە لە پێناو دیاریکردنی ستراتیژ و ھەڵوێستێکی ھاوبەش کۆنگرەی نەتەوەیی کورد ھەرچی زووترە ببەسترێ."
ئۆجەڵان لە درێژەی پەیامەکەیدا رایگەیاندووە "سوپاسی ئەو خەڵاتە دەکەم کە لە بیرەوەری مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەددا پێشکەشتان کردبووم، بەردەوام گرێدراوی یاد و بیرەوەری ئەو دەمێنمەوە."