ھەولێر
مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عەلی قەرەداخی ئەمینداری گشتیی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان کۆبووەوە.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا کە لە سەڵاحەدین بەڕێوەچوو، هەردوولا باسیان لە پێکهێنانی کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێم و بارودۆخی کورد لە تورکیا کرد.
بە گوێرەی هەواڵێک کە ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکرددوەتەوە، عەلی قەرەداغی لە وتەیەكدا سەردانەكەی بارزانی بۆ شاری دیاربەكر بە گرنگ و كاریگەر وەسف كردووە.
لە بەرامبەردا بارزانی ئاماژەی بەوەداوە كە دەرفەتێكی باش بۆ كورد لە توركیا دروست بووە و ئەوەی دەگوزەرێ مێژوویەكی تازەیە.
لەبارەی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتەوە، قەرەداغی یەكبوونی لایەنەكانی بە پێویست زابیوە و ئاماژەی کردووە کە پاراستنی هەرێم تەنیا ئەركی حكومەت نییە، بەڵكو پێویستە هەمووان هاوکاربن.
سەبارەت بە دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم، بارزانی وتوویەتی کە ئەم دواکەوتنە جێی گلەییە، "بەڵام مادام پێکەوە کار دەکەین ئەنجامێکی باشی لێدەکەوێتەوە".
سایتی سەرۆکایەتی هەرێم ئاماژەی بەوە کردووە کە دەرئەنجامەكانی كۆنگرەی گەشەپێدان لە سلێمانی و گرفتەكانی ژێرخانی ئابووریی كوردستان تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەکە بووە، بەڵام هیچ زانیارریەکی لەبارەی ناوەڕۆکی باسەکەوە بڵاو نەکردووەتەوە.