Azat Muhammet
26 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 28 کانوونی دووەم 2017
سەرپەرشتیارى سەربازى میحوەرى شنگال، سەربەست لەزگین رایگەیاند: "زیاتر لە پێنجەمین جارە حەشدى شەعبى بۆردومانى سەنگەرەکانى پێشمەرگە دەکات، لە رابردوودا بەهۆى بۆردومانەکانەوە پێشمەرگەیەکیشمان بریندار بووە و تا ئێستا ئێمە ئاراممان گرتووە لە بەردەم ئەم پێشێلکارى و هێرشکردنەى حەشدى شەعبى بۆ پێشمەرگە، هۆشداریمان داوەتە حەشدى شەعبى ئەمجارە حاڵەتى بۆردومانى سەنگەرەکانى پێشمەرگە دووبارە بێتەوە، هەڵوێستێکى توندمان دەبێت و بێ وەڵام نامێنین".
سەرپەرشتیارى سەربازى میحوەرى شنگال، سەربەست لەزگین لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵوى گوتى: "حەشدى شەعبى لە سنوورى نێوان شارۆچکەکانى تەلەعفەر و شنگال هەروەها لە نزیک گوندى شینۆ، عێن حیسان و ئوم شەبابیک بۆردومانى هێزەکانى پێشمەرگە دەکەن، چەند جارێکیش لە رێگاى سەرەکى نێوان شنگال - تەلەعفەر بە کاتیۆشا و گولـلە هاوەن بۆردومانى سەنگەرەکانى پێشمەرگەیان کردووە، هەرچەند چەندین جارە بە ئاشتیانە سەرکردەکانى حەشدى شەعبیمان ئاگادار کردووەتە لەم حاڵەتە، کەچى تا ئێستا حەشدى شەعبى لەم پێشێلکارى و سەرپێچییانەى بەردەوامە".
لەزگین دەڵێت: "ئەوە جارى یەکەم نییە حەشدى شەعبى بۆردومانى سەنگەرەکانى پێشمەرگە دەکات لە شنگال، ئێمە پێشتر ئاگادارى سەرکردەکانى حەشدى شەعبیمان کرد، کەچى دواتر بۆردومان دەستپێکردەوە و پێشمەرگەیەکمان لە میحوەرى شنگال بەهۆى ئاراستەکردنى گولـلە هاوەنەوە بریندار بوو، دواى بریندار کردنى ئەو پێشمەرگەیش تا ئێستا حاڵەتى بۆردومان کردنى پێشمەرگە لەلایەن حەشدى شەعبى بەردەوامە".
بە پێی لێدوانی ئەم فەرماندەیەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەکە "حەشدى شەعبى لە وەڵامى داواى پێشمەرگە گوتوویانە ئێمە چوار دەورى خۆمان سلامەت دەکەین، لەوانەیە بە هەڵە پێشمەرگە بۆردومان کرابێت، کەچى ئەگەر هەڵەش بووبن، بەڵام دووبارە کردنەوەى ئەم هەڵەیە هەڵگرى پەیامێکى نەخوازراوە، نازانین ئەم هەوڵە ئاژاوەگێڕییەى حەشدى شەعبى لە شنگال پلان بۆ داڕێژراوە یان نا، چونکە حەشدى شەعبى هێزێکى ئاڵۆزە و زیاتر لە ٣٠ گرووپى جیا جیا لە خۆى گرتووە، پێدەچێت چەند گرووپێکى نێو حەشدى شەعبى بن هەوڵى نانەوەى کێشە و شەڕ بدەن لە نێوان پێشمەرگە و حەشدى شەعبى".
سەربەست لەزگین لە کۆتایی لێدوانەکەیدا دەشڵێت: "لە بەرژەوەندى حەشدى شەعبى نییە هەوڵى نانەوەى کێشە لەگەڵ هێزەکانى پێشمەرگە بدات".