Hemn Baban
14 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2017
هه‌ولێر - AA
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه زامنكردنى پاراستنى ماف و ده‌سه‌ڵات و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى هاتوو له ده‌ستووردا تاكه رێگه‌یه بۆ زامنكردنى یه‌كێتیى عێراق وه‌ك له مادده‌ى یه‌كه‌مى ده‌ستووردا هاتووه.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه له‌باره‌ی راڤه‌كردنی مادده‌ی یه‌كه‌می ده‌ستووری عێراقی فیدراڵ له لایه‌ن دادگه‌ی باڵای فیدراڵه‌وه كراوه و رۆژی پێنجی ئه‌م مانگه پاش كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دادگه هاتبوو مادده‌ی یه‌كه‌می ده‌ستووری عێراق و مادده‌كانی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار جه‌ختیان له‌سه‌ر یه‌كێتی خاكی عێراق كردووه‌ته‌وه و ده‌ستوور رێگه‌ی به هیچ پێكهاته‌یه‌ك نه‌داوه له عێراق جیاببێته‌وه.
ئه‌مه ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه له‌وباره‌یه‌وه:
له‌سه‌ر داواى ئه‌میندارى گشتیى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى فیدراڵ له رۆژى 5/11/2017، دادگاى باڵاى فیدراڵى له رۆژى 6/11/2017 بڕیارى ژماره 122ى ده‌ركرد سه‌باره‌ت به راڤه‌كردنى مادده‌ى یه‌كه‌م له ده‌ستوورى عێراق كه ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تى: (كۆمارى عێراق ده‌وڵه‌تێكى فیدراڵیى سه‌ربه‌خۆیه، خاوه‌ن سه‌روه‌ریى ته‌واوه كه سیسته‌مى حوكمڕانى تیایدا كۆماریى په‌رله‌مانیى دیموكراتییه، ئه‌م ده‌ستووره زامنى یه‌كێتیى عێراقه).
وه‌ك چۆن هه‌میشه هه‌رێمى كوردستان جه‌ختى كردۆته‌وه كه پابه‌ندى گرتنه‌به‌رى رێگه‌ى ده‌ستوورى و یاسایییه بۆ چاره‌سه‌ركردنى ناكۆییه‌كانى نێوان ده‌سه‌ڵاته فیدراڵییه‌كان و هه‌رێم. له روانگه‌ى هه‌ڵوێستى روونمانهوه به پێشوازیكردن له هه‌ر ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك به‌م ئاراسته‌یه، له پێش هه‌مووشیانه‌وه ده‌ستپێشخه‌ریى ئایه‌توڵلا عوزما سه‌ید سیستانى و هه‌ندێك له كه‌سایه‌تییه عێراقییه‌كان و وڵاتانى دۆستى گه‌لى عێراق به گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌ستوورى عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى ناكۆكییه‌كان، رێز له‌و راڤهكردنهى دادگاى باڵاى فیدراڵى بۆ مادده‌ى یه‌كه‌م له ده‌ستوور ده‌گرین. له هه‌مان كاتیش‌دا دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه بڕوامان وایه كه پێویسته ئه‌مه ببێته بنه‌مایه‌ك بۆ ده‌سپێكردنى دیالۆگێكى نیشتمانیى گشتگیر بۆ چاره‌سه‌ركردنى ناكۆكییه‌كان له رێگه‌ى جێبه‌جێكردنى ته‌واوى هه‌موو مادده‌كانى ده‌ستوورى عێراقه‌وه به جۆرێك ببێته هۆى زامنكردنى پاراستنى ماف و ده‌سه‌ڵات و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى هاتوو له ده‌ستووردا به‌و پێیه‌ى ئه‌مه تاكه رێگه‌یه بۆ زامنكردنى یه‌كێتیى عێراق وه‌ك له مادده‌ى یه‌كه‌مى ده‌ستووردا هاتووه.
حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان
14/11/2017