ھەولێر
غەفور مەخموری ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرەکە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشکرایکرد: زمانی رەسمی کۆنگرە کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی دەبێ و ھەموو لایەنەکانیش کۆکن لەسەر ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان و گوتنی و سرودی ئەی رەقیب.
مەخموری لەبارەی میوانە داوەتکراوەکانی کۆنگرە گوتی " میوانی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد ٣٠٠ کەسن لەپەرلەمان و یەکێتی ئەوروپا، ھەروەھا کۆمەڵێ پەرلەمانتار کەسایەتی سیاسی و رۆشنبیریی وڵاتانی ئەوروپا بانگ دەکرێن، ئەمریکاو تەنەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوەکانی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنال، کۆمکاری عەرەبی. تەنانەت سەرۆکی وڵاتانی بانگ دەکرێن".
ھەردوو کەسایەتیی ناسراو ئیسماعیل بیشکچی و نوام چۆمسکی میوانی کۆنگرە دەبن.
ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد ئاشکرایکرد ھەریەکە لەحکومەتەکانی سوریا، تورکیا، ئێران و عێراق بەڕەسمی داوەتی کۆنگرە دەکەن و لەوانەیە پەیامیشیان ھەبێ.
کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بڕیارە رۆژی ١٥/٩/٢٠١٣ لەشاری ھەولێر دەست پێبکات و سێ رۆژ بخایەنێ.
لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرە رایگەیاند: کۆنگرە ٦٠٠ ئەندامی دەبێ کە بەوجۆرە دابەشکرابوون ٤٥%بۆ ھێزو لایەنە کوردستانییەکان
٣٥% بۆ رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی
١٠%بۆ گەنجان
١٠% بۆ کەسایەتیی سەربەخۆ
کۆنگرە پێویستە بەگشتی ٤٠% ئەندامەکانی ئافرەت بن.
لەبارەی بەشدارییکردنی کوردەکانی ئیسرائیل، مەخموری گوتی "لەو ٣٠٠ میوانە کە ھێشتا داوەت کەس نەکراوە، پێشبینی دەکەم کوردانی ئیسرائیلیش داوەتی کۆنگرە بکرێن، ئەگەر کێشەی ھاتووچۆشیان ھەبوو پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا ئەو کێشەیە چارەسەر بکات".
مەخموری ھەروەھا گوتی " لەبەرنامەدایە کوردانی کازاخستان و ئەرمەنستان و لوبنان و وڵاتانی دیکە بانگبکرێنە کۆنگرە".