ماریا ھارف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رەوشی کەمپی یەرموک شوێنی نیشتەجێ بوونی پەنابەرانی فەلەستین لە سوریا بە درامای تراژیدی ناو دەبا.
هاردف لەو بارەیەوە گوتی: "ئەو ئازارەی فەلەستینییەکان لەو کەمپە دەیچێژن، دەروونی ئینسان دەهەژێنێ."
ماریا ھارف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی دا، سەبارەت بە رەوشی پەنابەران لە یەرموک بەمجۆرە وەڵامی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی دایەوە: "دەبینین ماوەیەکی زۆرە حکومەتی سوریا ئابڵوقەی خستۆتە سەر کەمپی یەرموک، بە ڕاستی ئەو رەوشە دەروونی ئینسان دەهەژێنێ."
ھارف ھەروەھا گوتی: "ھەموومان دەرک بە ئێش و ئازاری فەلەستینییەکان و گەلی ستەملێکراوی سوریا دەکەین، بەڵام جێی داخە کە رەوشی وڵاتەکە رێ نادا بەگوێرەی پێویست کاری خۆمان ئەنجام بدەین، ئێستا شەڕی ناوخۆی سوریا بەردەوامە و بەھیچ جۆرێ بارەکە ئەھوەن نەبۆتەوە، بۆیە ناتوانرێ ئەو کارانە ئەوەی مەبەستە لە بەرژەوەندیی خەڵکی گەمارۆدراو و ستەملێکراو ئەنجامبدرێ. بە دڵنیاییەوە ئەو فشارەی حکومەتی سوریا شتێکی دیکەی لەدوایە، بەڵام تا ئێستا لە مەبەستی ئەسەد نەگەیشتووین."