قاھیرە
محەمەد بەدیعی سەرۆکی دەستەی رێبەرایەتی کۆمەڵی ئیخوان موسلیمینی میسر، لە دانیشتنی دادگا لەسەر دۆزی "ھاندانی خەڵک بۆ توندوتیژیی و تەقە کردن لە خەڵک" ئامادەبوو. دوای ئەوەی لیژنەی داوەران مۆڵەتی هاتنە دەرەوە لە قەفەسیان بە بەدیعی نەدا ئەو گوتی: "ئەوەی ئێمە داوای دەکەین تەنیا یەک شتە، حەقیقەت و دادوەریی راستەقینە، مێژووی کۆمەڵی ئیخوان ئەوەی سەلماندووە کە ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی، ھەموویان دوورن لە راستی و ھیچ بنەمایەکیان نییە، بەڵام سەرەڕای ئەمەیش کەناڵەکانی راگەیاندن ئێمە و کۆمەڵی ئیخوان وەکو تیرۆریست نیشان دەدەن، بۆیە من و ئیخوان داوای ھاوکاری لە دادگا دەکەین. بە پێچەوانەی ئەو شتانەی دەگوترێن، ئێمە تیرۆریست نین، تیرۆریستی راستەقینە ئەوانەن خەڵکی میسر بە تیرۆر دەترسێنن، ئەوانەن کە سەرکۆماری ھەڵبژێردراوی خەڵکیان لە سەر پۆستەکەی لادا."
بەدیعی درێژەی بە قسەکانی دا: "سەرەڕای ئەوەی لە دژی من یەک بەڵگەیان لە بەردەستدا نییە، ٣٠ سکاڵایان لەسەرم تۆمارکردووە، لە چەند کەیسێکدا سەرەڕای سزای بەندکردن، ھاوکات بە شێوەی غیابیش سزای ئیعدامیان بۆم دەرکردووە، ئەو بارودۆخە بۆ دەسەڵاتی داوەری میسر خیانەتێکی زۆر گەورەیە. ئێمە کە سکاڵاکاربووین ئەمڕۆ بووینەتە تاوانبار، بۆیە ھەر بڕیارێک لە دژم دەردەکرێ، ھیچ بایەخ و گرنگییەکی نییە، کودەتا بەبێ ئەنجام دەمێنێ و دەسەڵاتی داوەریی لە میسر و میسر خۆی دەگەڕێنەوە بۆ پێگەی راستەقینەیان."