هەولێر
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ـی 2ـی 2014 سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی، لە سەلاحەدین لەگەڵ سكرتێر و سەرۆكی دوازدە حزبی نێو ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سوریا كۆبووەوە.
بەپێی هەواڵێکی سایتی رەسمیی سەرۆکایەتیی هەرێم، لەم كۆبوونەوەیەدا لایەنە سیاسییەكانی نێو ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا: "ڕا و بۆچوونی خۆیان لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانكارییە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بۆ بارزانی خستەڕوو، هەروەها قسەیان لەبارەی چۆنییەتیی كاركردن و هاوكارییان لەگەڵ ئەنجوومەنی گەل كرد."
لە كۆبوونەوەکەدا ئەوەیش باس كرا كە لە مانگی کانوونی یەکەمی 2013 بەپێی ڕێكەوتنێكی نێوان هەردوو ئەنجوومەنی نیشتیمانی و ئەنجوومەنی گەل بڕیار دراوە كە بەڕێوەبردنی سنووری فیشخابوور بەشێوەیەكی هاوبەش بێ، بەڵام ئێستا ئەو بەڕێوەبردنە ڕادەستی كانتۆنی جزیرە كراوە و كارمەندەكانی سەر بە لایەنە كوردییەكانی نێو ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد دەركراون و لە بەڕێوەبەرایەتیەكە نەماون.
ئەو لایەنە سیاسییانە جەختیان لەسەر پاراستنی یەكڕیزیی گەلی كورد كردووە، ئەگەرچی پێیان وا بووە لایەنی بەرانبەریان پێچەوانەی ئەم بنەمایە ڕەفتار دەكا.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، لە کۆبوونەوەکەدا بارزانی بە لایەنە سیاسییەكانی نێو ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سوریای ڕاگەیاند كە لەگەڵ یەكدەنگیی لایەنە كوردییەكانی ڕۆژئاوادایە و پاڵپشتی هەر بڕیارێكیش دەبێ كە كۆدەنگیی هەموو لایەكی لەسەر بێ.
ئاماژەی بەوەش داوە کە هەر هەڵوێستێك لەبارەی دوایین پێشهاتەكانی ڕۆژئاوا بە كۆدەنگیی لایەنە سیاسییە کوردیەكانی ئەوێ بێ دەربچێ، جێگەی بایەخە و بە پەسندی دەزانێ.