ھەولێر
سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆسەر بارەگاکانی پەکەکە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێم دا هاتووە کە "شەوی رابردوو سوپای تورکیا بارەگاکانی PKKـی لەچەند ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستان بۆمباران کرد، دوای ئەو بۆمبارانکردنە، کاژێر٩:٣٠ خولەکی پێشنیوەڕی ئەمڕۆ شەممە ٢٥ـی٧ـی٢٠١٥، بەڕێز ئەحمەد داوودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی تورکیا، لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە کرد و بەدرێژی باسی رەوشەکەی کرد و ھۆی گەییشتنی دۆخەکەی بۆ ئاستی ئەو پەرەسەندنەی ئێستا ڕوون کردەوە".
لە درێژی ئەو بەیاننامەیەدا ھاتووە کە"لە بەرانبەردا مەسعود بارزانی دڵگرانیی خۆی نیشان داوە کە ڕەوشەکە گەیشتۆتە ئەم ئاستە مەترسیدارە و جەختیشی کردەوە کە زۆر داوامان کرد کێشەکان نەگەیەندرێنە ئاستی گرژیی زیاتر، چونکە ئاشتی تاکە ڕێگەی چارەسەری کێشەکانە و ساڵانێک گفتوگۆ باشترە لە یەک سەعات شەڕکردن، بۆیە ھەرێمی کوردستان ھەموو ھەوڵێک دەدات ڕەوشەکە لەوە زیاتر تەشەنە نەکات و گەڕانەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەر".
لە راگەیەنراوەکەدا ھاتووە "سەرۆک بارزانی تەئکید دەکاتەوە کە پێشتر ھەموو ھەوڵێکی خۆی بۆ سەرگرتنی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ ھەموو لایەنەکان خستۆتەگەڕ و ئێستاش ھەرچی لە توانایدا بێت بۆ نەھێشتنی ئەم گرژییە دەیخاتەگەڕ وئومێدەوارە ھەموو لایەک بگەڕێنەوە بۆ بنەماکانی پڕۆسەی ئاشتی".