Dilşad Seyfeddin Ahmet
26 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 28 مای,س 2016
ئەبووبەكر عەلی ناسراو بە ئەبووبەكر كاروانی یەكێكە لە پاڵێوراوانی پۆستی ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە حەوتەمین كۆنگرەی گشتی حزبەكەیدا، ئەوەی ئەو لە پاڵێوراوەكانی تر جیا دەكاتەوە ئەوەیە كە خۆشی دەڵێت بە دید و تێڕوانینێكی جیاوازەوە كار دەكات و هەوڵ دەدات بۆ جیاكردنەوەی كاری بانگەواز و سیاسەت لە حزبەكەیدا.
كاروانی كە ماوەی چەند ساڵێكە بانگەشەی مۆدێلێكی نوێی حزبایەتی بۆ حزبە ئیسلامییەكانی كوردستان دەكات و زیاتر مەیلی لە جۆر و شێوازی كاركردنی پارتەكانی داد و گەشەپێدانی توركیا و حزبی نەهزەی توونسی هەیە و داوای پەیڕەوكردنی هەمان جۆری كاركردن دەكات لە نێو حزبەكەیدا، لەبارەی بەرنامە و كار و دید و تێڕوانینی خۆی لە پۆستی ئەمینداری حزبەكەدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس كرد.
كاروانی سەرەتا باسی لە بەرنامە و تێڕوانینەكانی خۆی كرد و گوتی: "دید و تێڕوانینی من بەشێوەیەكی گشتی ئەوەیە كە ئەم فۆڕمی ئیشكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەگشتیی و ئیسلامییەكانی كوردستان بەتایبەتی مێژوو تێپەڕاندووە. پێویستە ئێمە سەرەتایەكی نوێ و قۆناغێكی نوێ لە ژیانی ئیسلامییەكانی كوردستان دەست پێ بكەین و بچینە قۆناغی پاش ئەم مۆدێلە كە تا رادەیەك مۆدێلی ئیسلامی سیاسی و تەقلیدی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەكەیە كە یەكێك لە نیشانە هەرە گرنگە جیاكەرەوەكانی ئەم مۆدێلە جیاكەرەوەی تێكەڵاوبوونی بابەتە وەعزی و دینی و سیاسییەكانە پێكەوە كە وای كردووە مەسەلە دەعەوییەكان كۆت و بەندی بۆ كارە سیاسییەكە دروست كردووە و كارە سیاسییەكەش فشاری بۆ مەسەلە دەعەوییەكە دروست كردووە، ئەوەش كۆمەڵگای بێبەش كردووە لەوەی كە ئیسلامییەكان خزمەتێكی گەورەتری سیاسی بكەن و پێگەیەكی گەورەتریان هەبێت و خزمەتێكی گەورەتری رۆحی بكەن".
ئەو لەو بارەیەوە زیاتر گوتی: "من پێم وایە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و تەوژمی ئیسلامی لە كوردستان دەبێت بچێتە قۆناغێكی راگوزەری ئینتیقالییەوە لەوێدا تەوژمێكی دەعەوی كە مامۆستا سەعیدی نەورەسی و پەیامەكانی نوور ببێتە بناغەی ئەو دەعوە ناسكە كە دەعوەیەكی رۆحی ناسك و سەربەخۆ لە كاری سیاسی و لە ناو كۆمەڵگەدا بێت و لەلایەن رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی رێك بخرێت و بناغە بۆ حزبێكی سیاسی باکگراوند ئیسلامی دامەزرێنێت، حزبێكی موحافیزكاری دیموكرات بە هەناسەیەكی ئیسلامییەوە كە جێگای خەڵكی جۆراوجۆری تێدا ببێتەوە و بتوانێت لە داهاتووی ئەم وڵاتەدا كاریگەری گەورەی هەبێت و شانسی ئەوەی هەبێت حكومەت پێك بهێنێت و سەرۆكایەتی هەرێم و دەوڵەتی داهاتووی كوردستان پێك بهێنێت".
لەبارەی ئەوەی تاچەند بواری دووبارەكردنەوەی ئەزموونی وڵاتانی تر لە هەرێمی كوردستان هەیە، پاڵێوراوەكەی پۆستی ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان گوتی: "هەرێمی كوردستان هەلومەرجی ئەوەی تیایە كە سەرەتای گۆڕانكارییەك لە ئیسلامییەكان دروست بكات كە رەنگە دە ساڵی تر بەرهەمی خۆی بدات بەڵام پێویستە سەرەتاكەی دەست پێ بكات. ئێمە لە لووتكەی دادو گەشەپێدانی توركیا و حزبی نەهزەی توونسیەوە دەست پێ ناكەین بەڵام خۆ دەبێت لەسەرەتای ئەوانەوە یان لە خوار ئەوانەوە دەست پێ بكەین و زەمینەیەك بسازێنین بۆ ئەوەی دەرفەتەكان لە ئایندەدا بقۆزینەوە. ئومێدی ئەوەشم هەیە هەرێمی كوردستان لە ئایندەدا بەرەو نموونەی توركیا دەڕوات كە ئەوەش وا دەكات كە ئیسلامییەكان نموونەی هەندێك لە وڵاتانی عەرەبی دووبارە نەكاتەوە".
كاروانی لە رووی تەمەنەوە لە سێ پاڵێوراوەكەی تری حزبەكەی بۆ پۆستی ئەمینداری حزبەكە گەنجترە، ئەو لەبارەی جیاوازییەكانی لەگەڵ ئەواندا دوا و گوتی: "من جیاوازم لە هەر سێ پاڵێوراوەكەی تر بەوەی دید و تێڕوانی جیاوازم هەیە بۆ دەستكاری كردنێكی جەوهەری ئەم فۆڕمە لە ئیشكردندا كە لە هەرێمی كوردستان ئیسلامییەكان پەیڕەوی دەكەن و جۆرێك لە سنوورداری بۆ دروستكردون كە ناهێڵێت وەك پێویست گەشە بكەن لە كۆمەڵگەدا. پاڵێوراوەكانی تر بەشێوەیەكی گشتی دەیانەوێت درێژە بە دۆخی ئێستای یەكگرتوو بدەن بە دەستكارییەكی كەمەوە یان هەروەك خۆی. بەپێچەوانەوە من دەمەوێت یەكگرتوو ئەم فۆڕمەی تێپەڕێنێت و بەشێوەیەكی نوێ یەكگرتوو جیا بێتەوە لە مەسەلە دەعەوی و وەعزییەكان جیا ببنەوە و پارتێكی سیاسی كراوەتر بۆ هاووڵاتیانی كوردستان كە لەسەر بناغەی پڕۆژەی سیاسی دامەزرابێت و رۆڵێكی كاریگەری هەبێت".
ئەو لە بارەی ئەنجامەكانەوە ئەوەشی گوت: "ئەگەر لە كۆنگرەدا سەركەوتنم بەدەست هێنا لە دوای كۆنگرەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ دەبێت بە دۆخی ئینتیقالی و زەمینە ساز دەكەین بۆ ئەوەی ئەو ئامانج و سەربەخۆكردن و دووبارە دامەزراندنەوەیە لە دوای ئەو سێ ساڵە لە هەرێمی كوردستان بێتەدی و فۆرمێكی نوێی كاری سیاسیمان هەبێت و جۆرێكی نوێی خزمەتكردنی رۆحی و ئەخلاقیمان لە كوردستاندا هەبێت".
ئەو ئاماژە بەوەش دەكات كە ئەگەر پڕۆژەكەی سەركەوتنی بەدەست نەهێنا و سەركەوتوو نەبوو لە هەڵبژاردنەكەدا، پیرۆزبایی لە پاڵێوراوی سەركەوتوو دەكات و بۆ خۆی درێژە بەو پڕۆژەیە دەدات تا ئەوكاتەی ئیسلامییەكانی كوردستان و یەكگرتوو قەناغەت پێ دەكات كە ئەو پڕۆژەیە رێگای سەركەوتنی ئەوانە.
ئەبووبەكر كاروانی ئەندامی سەركردایەتی حزبەكەیەتی و پێشتر ئەندامی مەكتەبی سیاسی بووە، لە خولی پێشووتری كابینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لەسەر پشكی حزبەكەی وەزیری دەوڵەت بووە.
بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو (28 -29 ی ئایار) لە شاری هەولێر بە بەشداری زیاتر لە هەزار و 100 ئەندام، كۆنگرەی حەوتەمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەست پێ بكات و دوو رۆژ دەخایەنێت.
لەو كۆنگرەیەدا جگە لە هەڵبژاردنەوەی ئەمینداری نوێی حزبەكە و ئەندامانی سەركردایەتی، باس لە پەیڕەو و پڕۆگرام و كێشە و گرفتەكانی تری ئەو حزبە دەكرێت.
تائێستا چوار كەس خۆیان بۆ پۆستی ئەمینداری گشتیی حزبەكە پاڵاوتووە كە بریتین لە ئەمینداری گشتیی پێشووی حزبەكە سەڵاحەدین محەمەد بەهادین، ئەمینداری ئێستای یەكگرتوو محەمەد فەرەج، سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو محەمەد رەئوف، ئەندامی سەركردایەتی ئەو حزبە ئەبووبەكر كاروانی.
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ساڵی 1994 دامەزراندنی خۆی راگەیاندووە، تائێستا شەش كۆنگرەی ئەنجام داوە، سەڵاحەدین محەمەد بەهادین دامەزرێنەری ئەو حزبە و بەرپرسی یەكەم بووە تا كۆنگرەی پێشوو، دوای ئەوەی لە كۆنگرەی شەشدا بڕیاری دا خۆی نەپاڵێوێتەوە، ئەمینداری ئێستای ئەو حزبە محەمەد فەرەج بە كێبڕكێ لەگەڵ سێ كاندیدی تردا زۆرینەی دەنگی هێناو بووە دووەم ئەمینداری ئەو حزبە.
یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان 10 كورسی و لە پەرلەمانی عێراقیش چوار كورسی هەیە.