قاھیرە
ئیئتیلافی نیشتمانی شۆڕشگێڕانی سوریا لەڕاگەیەنراوەیەکدا سەرنجی خۆیان خستەڕوو لەبارەی پێشنیاری روسیا لەبارەی چەکی کیمیایی سوریاو دەڵێ مۆسکۆ بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر بدا بەڕژێمی ئەسەد بەردەوام ھاوکاری دەکات.
لەڕاگەیەنراوەکەدا ھاتووە " پێشنیاری روسیا دەیسەلمێنێ بەشار ئەسەد چەکی کیمیایی ھەیە، حەفتەیەک لەمەوبەر نکوڵی لەوە دەکرد ئەسەد چەکی کیمیایی بەکارھێنابێ، کەچی ئێستا ھاتووەو کاتی زیاتری بۆ مسۆگەر دەکات بۆ مانەوەی لەدەسەڵات"
ئیئتیلافی نیشتمانی شۆڕشگێڕانی سوریا ھەروەھا داوایانکردووە پێیویستە ھەموو ئەو کەسانەی لەدژی خەڵکی سوریا تاوانبارن، ببرێنە بەردەم دادگا.
لەبارەی ئەگەری نەوەشاندنی گورزی سەربازیی لەڕژێمی بەشار ئەسەد، ئیئتیلافی نیشتمانی شۆڕشگێڕانی سوریا ئاماژەی بەوەداوە کۆریای باکوور و ئێران چاوەرێی ھەڵوێستی رای گشتی نێونەتەوەیین لەبارەی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی، ئەگەر رای گشتی نێودەوڵەتی جدی نەبێ لەبارەی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی، ئەوە گڵۆپی سەوز ھەڵدەکات بۆ وەبەرھێنان و بازرگانییکردن بەچەکی کیمیایی بۆ کۆریای باکوور و ئێران.