واشنتۆن AA
لەکاتێکدا (ئۆباما) نزیکبۆتەوە لە بڕیاردان سەبارەت بە ھەڵوێستی وڵاتەکەی لە ئاست رووداوەکانی سوریا، ئەمریکا داوا لە وڵاتان دەکا ئەوانیش بێنە مەیدان چونکە ئەو کارە یەک لایەنە ناکرێ.
بۆ ئەو مەبەستە سەرۆکی ئەمریکا (ئۆباما) لە کۆتایی حەفتەی رابردوو لە دوو پەیوەندیی تەلەفۆنی جیادا مەسەلەی سوریا و ھەڵوێستی وڵاتانی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا (دێڤد کامێرۆن) و (فرانسۆ ھۆلاند)ی سەرۆکی فەرەنسا تاووتوێکرد.
بەپێی زانیارییەکان ئەمریکا پێشتر بەڵگەی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی دەستکەوتووە، بەڵام لەبەر کەمیی رێژەی بەکارھێنانەکە نەیتوانیوە بیکاتە دۆسێیەکی متمانەپێکراو .
رووداوەکانی ٢١ ئاب ھەموو گومانەکانی سڕییەوە و جیھانی لە بەکارھێنانی چەکی کیمیایی دڵنیاکردەوە. ئێستا ئەمریکا لەلایەن خۆیەوە لەوە دڵنیابوەتەوە کە حکومەتی سوریا دەمێکە ھێڵی سووری بەزاندووە.
ئۆباما رۆژی شەممە بەشێوەیەکی لەناکاو ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی بانگێشتکردووەو پێکەوە پرسی سوریایان تاوتوێکردووە. ئۆباما بەڵگەی بیانوبڕی دەوێ، واش پێدەچێ چاوەڕێی ئەنجامی کۆتایی لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا بکا.
بوونی ١٠٠٠ سەرباز و ژمارەیەک رۆکێت و فڕۆکەی جۆری (ئێف١٦)ی ھێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەوڵاتی ئوردن، گومانی ھێرشی ئەمریکا بۆ سەر سوریا لە ئوردەنەوە دروستکردووە. لەگەڵ ئەوەشدا گومانی ھێرشی رۆکێتی لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە زیاترە.