نیویۆرک
لەمیانی کۆبوونەوەی شەست و ھەشتەمینی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ھەردوو سەرۆک حەسەن رۆحانی و باراک ئۆباما بەشداریان کردو گوتاریان پێشکەش کرد، بەڵام نەتەوقەیان کرد پێکەوەو نە پێکیشەوە چوونە داوەتی سکرتێری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
لەسەر مێزی داوەتی بان کی مۆن، کە بۆ سەرۆکی وڵاتانی جیھانی سازکردبوو، باراک ئۆباما بەشداریی کرد بەڵام رۆحانی و ھاوسەفەرەکانی ئامادە نەبوون.
چاودێرانی سیاسی لەو باوەڕەن بەھاتنە سەرکاری رۆحانی، قۆناغێکی تازە لەپەیوەندیی نێوان ھەردوو وڵاتی ناکۆک دێتە ئاراوە. رۆحانی یەکەم سەرۆکی ئێرانە لەڕۆژنامەیەکی وەکو (واشنتۆن پۆست) گوتار بنووسێ.
بەڵام دوێنێ سێشەممە (٢٤ی ئەیلول) لەکاتی پێشکەشکردنی گوتاری سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆکی ئێران ئامادەی دانیشتنەکە نەبوو، رۆحانی لەگوتارەکەی خۆی ئاماژەی بەوەدا بەباشی گوێی بۆ قسەکانی ئۆباما گرتووە.
لەقسەکانی دا سەرکۆماری ئێران باسی بەرنامە ئەتۆمی وڵاتەکەی کردو خوازیاری نیشاندا بۆ باشتر بوونی پەیوەندیی ئێران لەگەڵ کۆمەڵی نێودەوڵەتی.
کۆبوونەوەی شەست و ھەشتەمینی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی ٨٤ وڵات و ٤١ سەرکۆمار و ٨٠٠ رێکخراوی نێودەوڵەتی بەشداریی تێدا دەکەن.