واشینتۆن
باراک ئۆباما لەو گوتارەیدا کە بەبۆنەی ساڵیادی ٢٤ی نیسانەوە کە بە ساڵیادی رووداوەکانی ١٩١٥ لە قەڵەم دەدرێت وشەی "مێدس یێگرن" بەکارھێنا كە بە زامانی ئەرمەنی بە واتای کارەساتی گەورە دێت و ئۆباما بەپێچەوانەی ساڵانی رابردوو ئەمساڵ رۆژێک زووتر ئەو گوتارەی پێشکەش کرد.
ئۆباما گوتی: "ئەمڕۆ یادی سەدساڵەی کارەساتە گەورەکەی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمە و لە ساڵی ١٩١٥ەوە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەستی بە راگواستنەوەی ئەرمەنەکان کردووە و ئەوانی کوشت وبەرەو مەرگ بەڕێی کردن و میراتە کولتووری و مێژووییەکانیان لە زێدی باب و باپیرانیان لەناو بران و لەو چوارچێوەیەدا سەرەڕای ھەموو ئەو ئێش و ئازارە نزیکەی ١.٥ ئەرمەنی گیانیان لەدەست دا و بەو جۆرە کارەساتەکانی ساڵی ١٩١٥ کەوتنە بەرچاوی ھەرکەس و ئەوکاتە باڵیۆزی ئەمریکا ھەنری مۆرگەنتھاو، زەنگی مەترسی بۆ حکوومەتی ئەمریکا لێ دا و لە بەرامبەر سەرکردەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی راوەستا و لە سایەی ھەوڵدانەکانی کارەساتە گەورەکە ئاشکرا کرا و ئەمەش بووە پاڵنەرێک بۆ واژۆکردنی یەکەمین رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی مافی مرۆڤەوە و ھەروەھا فاکتەرێکی سەرەکی بووە بۆ ھاندانی کەسانی وەکو رافائیل لەمیکن کە چالاکی بواری پاراستنی مافی مرۆڤ بووە.
سەرکۆماری ئەمریکا لە درێژەدا گوتی: "یادی ئەم سەدساڵە کاتێکی زۆر گرنگە، ئەمڕۆ بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ رابردوو و بیرھێنانەوەی مێژوو رۆژێکی زەحمەتە بەڵام پێویستە و قبووڵکردنی راستییەکان بەشێوەیەکی دادوەرانە لە بەرەژوەندی ھەموو لایەکە".
ناوبراو هەروەها گوتی: "داننانی دادوەرانە بە راستییەکان لە بەرەژوەندی ھەموو لایەکە و پێویستە خەڵک دان بە تاڵییەکانی مێژووی رابردووی خۆیدا بنێت و رووبەڕوویان ببنەوە تا بەو جۆرە داھاتوویەکی باشتر بونیات بنن و من زۆر بە گەرمی پێشوازی لە لێدوانەکانی پاپا کە تیشکێکی رووناک دەخەنە سەر ئەو لاپەڕە رەشەی مێژوو و ھەروەھا ھەموو مێژووناسە ئەرمەنی و تورکەکان دەگرم".
ئۆباما لە کۆتاییدا گوتی: "بۆ بەبیرھێنانەوەی ئەو ١٠٠ ساڵە گرنگە لەگەڵ ئەرمەنییەکانداین و بەڵێنی ئەوە دەدەین کە ئەوانەی رووبەڕووی ئێش ئازار بوونەتەوە لە بیریان نەکەین و ھەوڵ بۆ ئەوە دەدەین کە لەم میراتە تاڵە بۆ خۆمان ئەزموونی پێویست وەربگرین تا بەو جۆرە نەسڵەکانی داھاتوو ئەوجۆرە شتانە دووبارە نەکەنەوە".