Hemin Hüseyin
07 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 09 تشرینی یەکەم 2016
تا دێت کاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوە مووسڵ نزیک دەبێتەوە و رێککەوتن و ئامادەکارییەکانی ئەو پڕۆسەیەش بەردەوامن.
لە باکووری شاری مووسڵ تاوەکو رۆژھەڵاتی ئەو شارە دەکەونە سنوورەکانی هێزی پێشمەرگە و شاری مووسڵیش چەند پشتێنەیەکی هەیە ئەوانیش شارەدێی حەمدانیە و شارۆچکەی بەرتلە و گۆگجەلیلن کە دەکەونە بەشی رۆژهەڵاتی ئەو شارە و رووبەڕووی سنوورەکانی هێزی پێشمەرگەن کە هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر چیای زەردک دەڕواننە سەر ئەو ناوچەیە و ماوەی نێوانیان لەگەڵ و گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش کەمتر لە یەک کیلۆمەترە و نزیکترین خاڵی داعش گوندەکانی بازگرتە و باسخرەیە کە دەکەونە دامێنی چیای زەردک و هیچ هاووڵاتییەکی سڤیلی تێدا نەماوە و جموجۆڵەکانی داعش بە شەو زیاتر دەبینرێن لە رۆژدا خۆیان حەشار دەدەن.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەش، گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش دەیانەوێت تاکتیکەکانی شەڕ ئەنجام بدەن و لە ئێستاشدا لە رێگای نێوان شارۆچکەی بەرتلە و گوندی عەلی رەش کە نێوان ئەو دوو ناوچەیە 12 کیلۆمەتر دەبێت و لە ژێر دەستی گرووپە تیرۆریستییەکانی داعشدایە و بە درێژایی ئەو رێگایە زیاتر لە 10 ئۆتۆمبێل دەبینرێت کە مەودای نێوان هەر ئۆتۆمبێلێک کەمتر لە 1 کیلۆمەتر دەبێت و گومان دەکرێت ئەو ئۆتۆمبێلانە بۆمبڕێژ کراوبن.
هاوکات لە رێگای نێوان گوندەکانی کارەملش و بەخدیدە و بەلاواتی سەر بە شارۆچکەی بەرتلە بە رووبەڕی 15 کیلۆمەتر، گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش خەریکی لێدانی چاڵ و هەڵکەندنی ئەو ناوچەن بە هاوتەریبی شەقامەکە و گومان دەکرێت کە نەوتی رەش لەو چاڵانە بکرێت بۆ ئەوەی لەکاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە ئاگر لەو شەقامە بەربدەن و ئەمەش وا دەکات فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان نەتوانن تیشک بخەنە سەر ئەو ناوچەیە و بەسەختی ئامانجەکانییان بپێکبن.
سەرجەم میحوەرەکانی سنووری هەرێمی کوردستان دابەشبوونەتە سەر ھەشت میحوەر و میحوەری ١ بریتییە لە سنووری خانەقین و میحوەری ٢ و ٣ و ٤ ئەو ناوچانەیە کە بەرەو کەرکووک درێژ دەبێتەوە و میحوەری ٥ دەکاتە کۆتایی شاری کەرکووک و میحوەری ٦ لە مەخموور دەستپێدەکات و میحوەری ٧ دەبێتە خازر و میحوەری ٨ لە شنگال کۆتایی دێت.
چیای زەردک دەبێتە میحوەری ٧ کە دەکاتە میحوەری خازر ئەویش بەھۆی فراوانیی سنوورەکەیەوە دابەش بووەتە سەر چەند بەشێک کە میحوەری خازر بریتییە لە ٧.١ و میحوەری باشیک ٧.٢ و میحوەری ناوەران ٧.٣ کە ئەوانە بە شوێنێکی ھەرە نزیکی شاری مووسڵ دادەنرێن.
بە گشتی مەودای نێوان چیای زەردک و دەروازەی شاری مووسڵ 20 کیلۆمەتر دەبێت و ئەو شارە دەکەوێتە باکووری عێراق و نزیکەی ٥٠٠ کیلۆمەتر لە بەغدای پایتەختەوە دوورە، گەورەترین شاری ژێر دەسەڵاتی داعشە لە عێراق و سووریا، حکوومەتی عێراقیش رایگەیاندووە، بەر لە کۆتایی ئەمساڵ، ئەو شارە دەگێڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی. شاری مووسڵ لە 9ی حوزەیرانی 2014 لەلایەن تیرۆریستانی داعش داگیرکرا و گرنگی شاری مووسڵ لەوەدایە کە پردی ووشکانیە لە نێوان عێراق و سووریا.