ئالوسی ھۆشداریی دەدات لەوەی داعش دەیەوێ سوپای عێراق پەرتەوازە بكا.
سەرۆكی حزبی ئوممەی عێراقی میسال ئالوسی رای وایە رووداوەكانی پارێزگای ئەنبار كاردانەوەی چەندین رووداو و شكستی نێوخۆیی عێراق و حكومەتەكەیەتی وەكو چۆن كاردانەوەی رووداوەكانی دەرەوە لەنێویشیاندا رەوشی سوریایە.
ئالوسی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆلۆ گوتی: "ئەوەی لە ئەنبار روودەدات، شكستی حكومەتی عێراقە لەناوخۆ و كاریگەریی فاكتەری دەرەكییە لەسەر عێراق، جگە لەوە دوو دڵی ھەڵوێستەكانی ئەمریكا لەناوچەكە لەبارەی سوریا، دیدارەكەی ئێران و ئەمریكا كە وایكردووە ئێران ببێتە ھاوپەیمان و پۆلیسی ئەمریكا لەناوچەكە، كشانەوەی ئەمریكا و سەرۆك ئۆبامە لەناوچەكە ھەموو ھۆكارن بۆ دەركەوتنەوەی بەھێزی قاعیدە لەعێراق."
ئالوسی ھۆشداریش دەدات لەوەی بارودۆخی ئەنبار بەتەنھا لەو پارێزگایە نامێنێتەوە و پەل بۆ پارێزگاكانی دیكەش دەكێشێ، لەمبارەیەوە گوتی: "بابەتەكە ترسناكە، ئەوەی پێی وابێ مەسەلەكە تەنھا ئەنبارە، ئەوا لە خەیاڵ دەژی، بەڵكو رێكخراوی قاعیدە ھەوڵی پەرت و بڵاوەپێكردنی سوپای عێراق دەدات، قاعیدە بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر لە موسڵەوە دەردەكەوێ پاش ئەنبار دەیبینین."
سەرۆكی حزبی ئوممەی عێراقی لەبارەی ئەوانەی لەئەنبار شەڕ لەدژی سوپای عێراق دەكەن گوتی: "ئەندامانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام (داعش) بەشێكی زۆریان لە گەنجانی ھەردوو شاری فەلوجە و رومادین بەتایبەت كە لەژێر كاریگەریی تایفی و عەشایەری و ئاینی و راگەیاندن و شكستەكانی حكومەتی عێراق و نوێنەرە سونییەكانیان شەڕ دەكەن."
میسال ئالوسی، پەرلەمانتاری پێشوو و سیاسەتمەدار لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە چەندین جار رووبەرووی ھەوڵی تیرۆركردن بۆتەوە و دیارترینیان لە ١٩ی شوباتی ٢٠٠٥ بوو كە ھەردوو كوڕەكەی ئەیمەن و جەمال گیانیان لەدەستدا، بانگەشە بۆ دامەزراندنی حكومەتێكی عەلمانی و كەمكردنەوەی كاریگەریی رەوتی ئاینی لەعێراق دەكات.
ئالوسی پێیوایە بەكارهێنانی هێزی سوپا لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ لەناوبردنی داعش و رێكخراوە تیرۆریستییەكان، سەركەوتن بەدەست ناھێنێ، پێشنیازی بەھێزكردنی دەزگا ھەواڵگرییەكان دەكا كە بەقسەی ئەو لە لاوازترین دۆخدایە.
لەمبارەیەوە گوتی: "داعش بە میكانیزمی نوێوە ھاتوونەتەوە، تاوانبارانی قاعیدە پێش دوو سێ ساڵ لەمەوبەر لە گوند و دێھاتەكان دەناسرانەوە و تاوانیان لەدژی خەڵكی گوند و شار و پارێزگاكانیان ئەنجام دەدا، بەڵام ئەمڕۆ رێكخستنێكی نھێنییە و ئەندامانی شاراوەن و ھێرش ناكەنە سەر رۆڵەی عەشیرەت و ناوچەكانیان ، ئەمەش بەمەبەستی زیان گەیاندنی زیاتر بەحكومەت."
دەشڵێ دەبێ دەزگا ھەواڵگرییەكان بەھێزبكرێن نەك پشت بە عەشیرەتەكان ببەسترێ كە ئەوان زیاتر ئەركیان چارەسەركردنی كێشە كۆمەڵایەتییەكانە.
ئەو بەراوردیش لەنێوان پارێزگاكانی باشوور و ھەرێمی كوردستان دەكا و دەڵێ جیاوازی زۆر هەیە، پەسنی دەزگا ھەواڵگرییەكانی ھەرێم دەدا كە توانیویانە چالاك بن و رێگە لەكردە تیرۆریستییەكان بگرن.
میسال ئالوسی رەخنەی توند لە نوێنەرانی سونەمەزھەبەكان لە پەرلەمان و حكومەت و دەزگاكانی دیكە دەگرێ و دەڵێ نەیانتوانیوە لەئاستی نوێنەرایەتیكردندا بن، ئەو پەرلەمانتارانەی دەستیان لەكاركێشایەوە دەبایە كاریان بۆ بەھێزكردنی پەرلەمان بكردبا. هەروەها رەخنە لە بەشێكشیان دەگرێ بەوەی بازرگانی بەو ستەمەوە دەكەن كە رووبەرووی ناوچە سونییەكان دەبێتەوە و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەیقۆزنەوە.
سەرۆكی حزبی ئوممەی عێراقی لەدرێژەی قسەكانیدا ھێما بۆ ئەوە دەكا مالكی بە بەكارھێنانی سوپای عێراق و ھێرشكردنە سەر خۆپیشاندەران كە ئەو بە نا دەستووریی دەزانێ، دەیەوێ وێنەیەكی وا لەلای دەنگدەری شیعە دروست بكا كە تەنھا ئەو شایستەیە بۆ حوكمكردنی عێراق. ئەوانەشی ھێرشەكانی سوپای عێراق بە سەركەوتن ناودەبەن، بە شیت دەزانێ و دەڵێ دەبێ دان بەوەدا بنێین شكستمان ھێناوە و دەبێ بەدوای چارەدا بگەڕێین.
میسال ئالوسی لەبارەی ئایندەی عێراقەوە گوتی: "عێراق بارۆمەترە لەرێگەیەوە شڵەژانی ناوچەكە و دوو دڵیی ئەمریكا و دەستوەردانی روسیا و درێژبوونەوەی ئێران و بەھاری عەرەبی شكست خواردوو و سەركەوتوو دەبینی، رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ناتوانێ بۆخۆی چارەسەر بۆ كێشەكانی بدۆزێتەوە و لەدەرەوەش بۆ بەرژوەندی وڵاتێك یان لایەنێك بەكاردەهێنرێ."
ئالوسی داوا لە عەلمانی و لیبڕالێی و ئیسلامییە عاقڵەكانی ناوچەكە وەك ناوی بردن دەكا كۆنگرەیەك لەدەرەوەی حكومەتەكان سازبكەن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی ھەیە تا ئاشتی بال بەسەر ناوچەكەدا بكێشێ.
لەكۆتایی قسەكانیدا میسال ئالوسی رەخنە لە ھاوپەیمانی كورد و شیعە دەگرێ و دەڵێ ئەم هاوپەیمانییە وایكردووە سونەكان بەدوای ھاوپەیمانی دیكەدا بگەڕێن لەدەرەوە و گوتی: "سووربوون لەسەر دابەشكاریی سونی و شیعی دەستگرتنە بە شكست و چۆن بڵێی هەندێ لایەن هەن دەیانەوێ كێشە و فەوزا لەعێراق بەردەوام بێ بۆ ژمارەیەكی زۆری بەرژوەندی خۆیان كە من پێینازانم."