ئەسینا
بەر لە قەیرانی ئابووری یۆنان زۆربەی ئەوانەی ماددەی بێھۆشیان بەكاردەھێنا و بازرگانیان پێدەكرد كەسانی بێ ماڵ و حاڵبوون، بەڵام دوای قەیرانی ئابووری ئەو كەسانەی كاریان دەستناكەوێ و ناتوانن كرێ بدەن، چوونەتە پاڵ ئەوانەی بێ ماڵ و حاڵ بوون.
پسپۆڕان پێیانوایە بەھۆی داتەپینی ئابووری، یۆنان لە لێواری قەیرانێكی مرۆڤایەتی دایە، ئەو كەسانەی لەسەر كار دەردەكرێن لە كۆڵانەكان دەمێنەوە.
لە شەقامی پیرۆریس كە قەرەباڵغترین شەقامی ئەسینای پایتەختە، ئەو كەسانەی بێ ماڵن لەناو ستادیۆم و شوێنە گشتیەكان سەرەڕای نزمبوونەوەی پلەی گەرما لەسەر كارتۆن و بەتانی دەخەون.
كلیماكا پسپۆرێكی یۆنانیە دەڵێ، ژمارەی ئەوانەی ئێستا بێ ماڵن گەیشتۆتە نزیكەی ٢٠ ھەزار كەس.
ئەو پسپۆرە دەڵێ بەر لە قەیرانی ئابووری زۆربەی ئەوانەی ماددەی بێھۆشكاریان بەكاردەھێنا و بازرگانیان پێوەدەكرد، كەسانی بێ ماڵ و حاڵبوون، ئیتر لەناكاو ھاووڵاتیانی خاوەن بڕوانامەش بێ كار و بێ ماڵ دەبن. ھەروەھا دەڵێ ئەو دەزگایانەی خواردن دەدەنە كەسانی بێ ماڵ، لە ساڵانی رابردوو لە ھەفتەیەك ٦٠ جەم خواردنیان دابەشدەكرد، بەڵام ئەمساڵ ھەفتانە ٢٠٠ جەم دابەش دەكەن، ئەمەش خراپی بارودۆخەكەمان پیشان دەدات.
پڕۆفیسۆر ھریستۆس سەكەریدیس كە سەرۆكایەتی تیمێكی چارەسەری بەخۆڕایی بێ ماڵ و بێكاران دەكا لە ئەسینا، لەلێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵو گوتی: " بوومەتە شاھێدی چەندین رووداوی جەرگبڕ."
ئەو پێیوایە كە دەبێ كۆمەڵگای یۆنان جیھانبینی خۆی بەرامبەر كەسانی بێ ماڵ و حاڵ بگۆڕێ و گوتی: " ژمارەیەك زۆر لە بێ ماڵ و حاڵ دەڵێن، رۆژانە بەسەدان لەو كەسانەی كە ئێمە نابینن، لەبەردەمان تێدەپەڕن. تۆش لە نیوەی شەو لەجیاتی ئەوەی لەلای منداڵ و ژنەكەت بی، چارەسەری ئێمە دەكەی."
سەكەریدیس جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئامانجی ئەوان ئەوەیە چارەسەری بێ بەرامبەر بۆ خەڵكی یۆنان و بیانیەكان كە بێ ماڵ و حاڵن بكەن.